کوردپرێس:
سەید ئەنوەر حسێنی بەڕێوەبەری دایرەی کشتوکاڵی شاری شنۆ لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند ئەمساڵ بڕیارە فستیڤاڵی گێلاس لەو شارە بەڕێوە بچێت و گوتیشی ئەمساڵ لە چاو ساڵی ڕابردوو بەروبومەکانی زیادیان کردووە و هەزار و 300 تەن گێلاس لە باخەکانی ئەو شارە بەرهەم دێت.
ناوبراو گوتیشی کۆی ڕووبەری باخە گێلاسەکانی شنۆ دەگاتە 300 هێکتار (1200 دۆنم) و بە پێی پێشبینییەکانی دایرەی کشتوکاڵ لە هەر هێکتارێکدا 8 تەن گێلاس دێتە بەرهەم.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شنۆ زیادی کرد: خولی چوارەمی فستیڤاڵی گێلاس لە مانگی پووشپەڕدا بەڕێوە دەچێت مەبەستمان لە بەڕێوەبردنی فستیڤاڵەکەش ئەوەیە کار لە سەر ناساندنی توانای جووتیاران و دەفرایەتیی ناوچەکە بۆ بەرهەمهێنانی گێلاس بکەین.
شایانی باسە وەرزی چنینەوەی گێلاس ماوەی 35 بۆ 45 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لەو ماوەیەدا دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە 7 هەزار کەس دەڕەخسێت.
Your Comment