پێوه‌ندیی نێوان کورد و ئه‌مریکا ئه‌نجامێکی دڵته‌زێنی بۆ کورد به‌دواوه‌ بوو

به‌شی دیمانه‌/ جیهان- دوکتۆر برایان گیبسۆن له‌باره‌ی واده‌ی ده‌ست پێکردنی پێوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی عێراق به‌ کوردپرێسی گوت: واده‌ی ده‌ست پێکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی عێراق بۆ ساڵی 1690 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌نجامێکی خراپ و دڵته‌زێنی بۆ کورده‌کان به‌دواوه‌ بوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، په‌یوه‌ندیی نێوان کورد و ئه‌مریکا هه‌میشه‌ بابه‌تێکی جێگه‌ی مشتومڕ بووه‌ چوونکه‌ زۆربه‌ی کارناسان پێیان وایه‌ ئه‌مریکا پشتیوانییێکی ئه‌وتۆی له‌ کورد نه‌کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ئامانجه‌کانی بگات به‌ڵکوو ئه‌وانی کردۆته‌ ئامێرێکی سوودمه‌ند بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانی واشنتۆن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین.

مێژووی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کورد یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌یه‌ که‌ ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ له‌سه‌ری ئه‌نجام بدرێت. هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس بۆ لێکدانه‌وه‌ی مێژووی په‌یوه‌ندیی کورد به‌تایبه‌ت کوردی عێراق له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا دیمانه‌یێکی له‌گه‌ڵ دوکتۆر برایان گیبسۆن چاودێری ئه‌م بواره ئه‌نجام داوه‌‌ که‌ مامۆستای زانکۆی به‌ناوبانگی جانز هاپکینزی ئه‌مریکا و مامۆستای زانکۆی پاسیفیکی هاواییه‌. دوکتۆر گیبسۆن خوێندنه‌وه‌یێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کورد ئه‌نجام داوه‌ و به‌شێکی زۆری تزی دوکتۆراکه‌ی به‌ مێژووی په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ کوردی عێراق ته‌رخان داوه‌.

دوکتۆر گیبسۆن له‌باره‌ی ده‌ستپێکی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی عێراق به‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: کاتی ده‌ست‌پێکردنی په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و کوردی عێراق بۆ ساڵی 1960ی زایینی و شه‌ڕی کوردی عێراق به‌ سه‌رکردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی دژی ده‌وڵه‌ته‌ جۆراوجۆره‌کانی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

ناوبراو پێی وایه‌ سیاسه‌توانانی ئه‌مریکا تا پێش له‌و ساڵانه‌ باوه‌ڕیان به‌ سوودمه‌ندبوونی ده‌ست‌پێکردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کوردی عێراق نه‌بوو به‌ڵکوو ده‌یانویست په‌یوه‌ندییێکی به‌هێز و پته‌ویان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی عێراق بێت و ئاوڕیان له‌ لێکه‌وته‌کانی نه‌ده‌دایه‌وه‌.

دوکتۆر گیبسۆن ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ له‌ قۆناغی یه‌که‌مدا ئیسرائیل پشتیوانی له‌ کوردی عێراقی ده‌ست پێکرد و هانی ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به‌ سه‌رکردایه‌تیی نیکسۆنی دا تا ئه‌وه‌ی کۆشکی سپی له‌ ساڵی 1972دا کومه‌کی بارزانییه‌کانی کرد. دوکتۆر گیبسۆن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات ئه‌و یارمه‌تییانه‌ی که‌ ئه‌مریکا ڕاده‌ستی کورده‌کانی عێراقی ده‌کرد له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و یارمه‌تییانه‌ زۆر که‌م بوو که‌ دیتران له‌ کورده‌کانی عێراقیان ده‌کرد.

مامۆستای بانگهێشتکراو له‌ زانکۆی جانز هاپکینزی ئه‌مریکا له‌ تزه‌که‌ی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ عێراق و کورده‌کان له‌ ساڵانی 1958 تا 1975 ته‌ئکید ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا له‌و ساڵانه‌دا ڕه‌فتارێکی خۆپارێزانه‌ی نیسبه‌ت به‌ پشتیوانی له‌ کورد گرتبووه‌به‌ر. دوکتۆر گیبسۆن له‌ دیمانه‌که‌ی له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا جه‌خت ده‌کاته‌وه له‌و ساڵانه‌دا‌ ژماره‌یێک له‌ دیپلۆماتکارانی ئه‌مریکا خوازیاری ده‌ست‌پێکردنی په‌یوه‌ندیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ لایه‌نی کوردیی عێراق و مه‌لا مسته‌فا بارزانی بوون به‌ڵام به‌رپرسانی باڵای ئه‌و وڵاته شک و‌ گومانیان به‌و پێوه‌ندییانه‌ بوو و پێیان خۆش بوو ده‌ستێوه‌ردان له‌ پرسی کورد به‌تایبه‌ت کوردی عێراق نه‌که‌ن.

مامۆستای زانکۆی پاسیفیکی هاوایی له‌باره‌ی بۆچوونی ئه‌مریکییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ مه‌یلی کوردی عێراق بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌و وڵاته‌ جه‌خت ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ده‌یه‌ی 1970دا ئه‌مریکییه‌کان به‌تایبه‌ت هێنری کیسینجر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ی ئه‌مریکا خۆی ده‌بوارد له‌ پشتیوانی‌کردن له‌ پڕۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆییی کوردی عێراق و هۆشیار بوون پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌وان دامه‌زراندنی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ بۆ کوردی لێنه‌که‌وێته‌وه‌ چوونکه‌ ئه‌مریکا پێی وابوو سه‌ربه‌خۆییی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ که‌س له‌ ناوچه‌که‌دا ناشکێته‌وه‌.

دوکتۆر گیبسۆن له‌ تزی دوکتۆراکه‌یدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ بارزانییه‌کان زیاتر له‌ چوارچێوه‌ی به‌کارهێنانی کورد وه‌ک کارتێکی گوشار دژی یه‌کێتیی سۆڤییه‌ت له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی سارد بوو چوونکه‌ به‌ بۆچوونی ناوبراو ئه‌مریکا له‌ لێکنزیکبوونه‌وه‌ی به‌غدا و سۆڤییه‌ت نیگه‌ران بوو و هه‌وڵی ده‌دا به‌ پشتیوانی‌کردن له‌ کوردی عێراق ئه‌و وڵاته‌ له‌ سۆڤییه‌ت دوور بکاته‌وه‌ یان له‌ ئه‌گه‌ری دوورنه‌که‌وتنه‌وه‌ی به‌غدا له‌ په‌یوه‌ندیی نزیک له‌گه‌ڵ مۆسکۆ ده‌وڵه‌ته‌کانی عێراق به‌ پشتیوانی له‌ لایه‌نی کوردی ڕه‌نج و ئازار بدات.

دوکتۆر گیبسۆن له‌ کتێبه‌که‌یدا ئاماژه‌ به‌ وته‌یێکی هێنری کیسینجر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ی ئه‌مریکا له‌ دیسێمبێری ساڵی 1975 ده‌کات که‌ ڕوو له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وکاته‌ی عێراق ڕای‌گه‌یاندبوو "ئه‌مریکا به‌و بۆنه‌وه‌ پشتیوانی له‌ کوردی عێراق ده‌کات چوونکه‌ پێی وایه‌ عێراق بۆته‌ شوێنکه‌وتوو و داسپارده‌ی سۆڤییه‌ت."

مامۆستای زانکۆی پاسیفیکی هاوایی له‌باره‌ی هۆکاری کۆتایی‌هاتنی پشتیوانیی ئه‌مریکا له‌ کوردی عێراق له‌ ساڵی 1975دا پێی وایه‌ بابه‌تی فرۆشتنی کورد له‌ئارادا نییه‌ به‌ڵکوو که‌سانی ده‌وروبه‌ری هێنری کیسینجر به‌ ناوبراویان ده‌گوت که‌ چیتر کار له‌ کار ترازاوه‌.

دوکتۆر گیبسۆن له‌ دیمانه‌ له‌گه‌ڵ کوردپرێسدا ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌کات که‌ ئه‌و شته‌ی کۆتایی به‌ بزاڤی کوردیی عێراق به‌ سه‌رکردایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانی هێنا ڕێککه‌وتنی نێوان ئێران و عێراق ناسراو به‌ "ڕێککه‌وتنی ئه‌لجه‌زایر" بوو. ناوبراو به‌ کوردپرێسی ڕاگه‌یاند: لایه‌نی به‌رانبه‌ری عێراق بووه‌هۆی پچڕانی پشتیوانییه‌کانی ئه‌مریکا و ئیسرائیل له‌ کوردی عێراق و به‌م شێوازه‌ بزاڤی کوردی عێراق به‌ره‌وڕووی چاره‌نووسێکی دڵته‌زێن و خراپ بوویه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54177

Your Comment

You are replying to: .
captcha