سزاى له‌سێداره‌دان بۆ دوو چه‌کدارى دیکه‌ی فه‌ڕه‌نسیی داعش ده‌رکرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ده‌رکردنی حوکمی له‌سێداره‌دان بۆ چه‌کدارانی داعشی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌ڕه‌نسی ڕوو له‌ زیادبوونه‌ و دادگایێکی عێراقی به ‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ ڕێکخراوی داعشدا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ دوو چه‌کداری فه‌ڕه‌نسیی داعش ده‌رکرد.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌رچاوه‌یێکی ئاگادار به‌ سۆمه‌ریه‌ نیووزی وت: دادگایێکی به‌غدا به‌تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ ڕێکخراوی داعشدا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ چه‌کدارێکی داعشی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌ڕه‌نسی ده‌رکردووه‌.

سه‌رچاوه‌که‌ زیادی کرد: چه‌کداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌که‌ی داعش هه‌شته‌مین هاووڵاتیی فه‌ڕه‌نسایه‌ که‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ ڕێکخراوی داعشدا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌کرێت و ده‌زگای دادی عێراق سه‌رقاڵی دادگه‌یی‌کردنی نۆیه‌مین چه‌کداری فه‌ڕه‌نسیی داعشه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌دا.

کاتژمێرێک دواتر هه‌واڵده‌ریی فڕانس پرێسی فه‌ڕه‌نسا له‌ زاری سه‌رچاوه‌یێکی ئاگاداره‌وه‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ نۆیه‌مین هاووڵاتیی ئه‌و وڵاته‌ش به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ ڕێکخراوی داعشدا فه‌رمانی له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچووه‌‌.

سه‌رچاوه‌که‌ باسی له‌وه‌ کرد که‌ له‌ ئێستادا 12 چه‌کدارى فه‌ڕه‌نسیی داعش که‌ له‌ ڕیزه‌کانى ئه‌و ڕێکخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بوون له‌ عێراقدان و نۆ چه‌کداریان بڕیارى له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رچووه‌ و بڕیاره‌ سێ چه‌کداره‌که‌ى دیکه‌شیان له‌لایه‌ن دادگاوه‌ بڕیار له‌باره‌یانه‌وه‌ بدرێت.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو فه‌رمانی له‌سێداره‌دان بۆ حه‌وت ده‌ستگیرکراوی داعشی به‌ڕه‌گه‌ز فه‌ڕه‌نسی به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتییان له‌ ڕێکخراوی داعشدا ده‌رکرا به‌ ناوه‌کانی لئۆنار لۆپز ته‌مه‌ن 32 ساڵ، کووین گونو ته‌مه‌ن 32 ساڵ، سه‌لیم مه‌عاشۆ ته‌مه‌ن 41 ساڵ، مسته‌فا مه‌رزووقی ته‌مه‌ن 37 ساڵ، ئیبراهیم نه‌جاره‌ ته‌مه‌ن 33 ساڵ، که‌ره‌م حه‌رشاوی ته‌مه‌ن 33 ساڵ و یاسین سه‌قم ته‌مه‌ن 29 ساڵ.

له‌ یاساکانی عێراقدا هاتووه‌ سه‌رجه‌م 9 چه‌کداره‌ فه‌ڕه‌نسییه‌که‌ی داعش وه‌ک هه‌ر تاوانبارێکی دیکه‌ که‌ بڕیاری له‌سێداره‌دانیان بۆ ده‌رکراوه‌ ده‌توانن له‌ ماوه‌ی 30 ڕۆژدا ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان به‌ حوکمه‌که‌یان ڕابگه‌یێنن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 54096

Your Comment

You are replying to: .
captcha