بەرهەم ساڵح لەگەڵ ھەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆ بوویەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرھەم ساڵح، لەکۆشکی سەلام لە بەغدا چاویکەوت بە "جوی ھود" ھەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق و سەبارەت بە دوا پێشھاتە سیاسیەکانی ناوچەکە و جیھان گفتوگۆیان کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەدا کە عێراق به‌لایه‌وه‌ گرنگە گفتوگۆیێکی ڕاستەوخۆی فراوان بێته‌ ئاراوه‌ بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دوورکەوتنەوە لە سیاسەتی جەمسەرگیری و جەنگ، ھەروەھا ھەڵوێستی عێراقی سەبارەت بەقەیرانەکانی ناوچەکە دووپات کردەوە، کە پەیوەستە بە سیاسەتی نیشتمانی و بەرژەوەندی باڵای عێراق، ھاوکات سەرۆک کۆماری عێراق داوای بە دوورگرتنی عێراقی لە ھەر قەیران و ململانێ یەک لە ناوچەکەدا کرد.

لەمیانی دیدارەکەدا بەرهەم ساڵح جەختی لە پێویستی دامەزراندنی سیستەمێکی ناوچەیی جێگیر کردەوە، کەمەبەست لێی پاراستنی ئاسایشی ھاوبەش و ڕێزگرتن بێت لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆ، ھەروەھا گرنگی بونیادنانی پەیوەندییێکی ھاوسەنگ لە نێوان گشت وڵاتاندا لەسەر بنەمای رێزگرتن لەسەروەری و بەرژەوەندی ھاوبەش.

ھەر لەدیدارەکەدا، جه‌خت لە گرنگی پەیوەندی دووقۆڵیی نێوان عێراق و ئەمریکا و پێویستی بەھێزکردنی لەگشت بوارەکاندا کرایەوە، بەجۆرێک کەخزمەت بە خواست و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوو وڵات بکات.

سەرچاوە: ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54095

Your Comment

You are replying to: .
captcha