کارمەندانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل دەگەڕێنەوە بۆ باشووری عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیارە سبەینێ کارمەندانی کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلى ئەمریکی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی قورنە، دوای دوو هەفتە لە کشانەوەى نزیکەی ٦٠ کارمەندیان لە عێراق.

کوردپرێس: ئێحسان عەبدولجەبار بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی قورنە ١ لە عێراق ئەمەش دوای ئەوەی حکوومەتی عێراقی پێی ڕاگەیاندوون ئاسایشی زیاتر بۆ کۆمپانیاکە دابین دەکات.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، لە سەرەتادا بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و دواتریش ئەندازیارەکان دەست دەکەن بە گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان.

رۆژى ١٨ى مانگى رابردوو کۆمپانیاى ئیکسۆن مۆبیل کارمەندەکانى لە عێراقەوە بۆ دوبەى گواستەوە، دواى چەند رۆژێک لە بریارەکەى ئەمریکا بۆ کشانەوەى بەشێک لە فەرمانبەرانى وەزارەت و کونسوڵخانەکەى لە بەغدا و هەرێم.

کۆمپانیای ئیسکۆن مۆبیل، کۆمپانیایێکی فرەڕەگەزی ئەمریکییە و بارەگای سەرەکی دەکەوێتە ویلایەتی تەکساس، لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان لقی هەیە، لە دیاریتریان لقی کەنەدایە کە لە ٦٩%ی پیشەسازی نەوتی ئەو وڵاتەی بە دەستەوەیە و بەهۆیەشەوە بە "ئیمپراتۆریەتی کۆمپانیای نەوت" ناسراوە.

کۆمپانیاکە لە سەرانسەری جیهاندا خاوەنی زیاتر لە ٨٢ هەزار فەرمانبەرە و لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە ٢٧ هەزار فەرمانبەری هەیە.

میژووی دروست کردنی کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩، جگە لە دەرهێنانی نەوتی خاو، لە بوارەکانی گازی سروشتی و پترۆکمیایی و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کاردەکات.

ڕێکس تیلرسۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا خاوەنی کۆمپانیاکەیە، کە پێش مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێستا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەی دوریخستەوە.

بە گوێرەی ئەو داتا و ژمارانەی کە کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠١٧دا ئاشکرای کردووە، ئیکسۆن مۆبیل لە بازاڕی وزەدا خاوەنی ٣٦٦ ملیار دۆلارە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 54074

Your Comment

You are replying to: .
captcha