کوردپرێس:
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی چوارشەمە 8ی جۆزەردان بەرانبەر بە 29ی ئایاری 2019 لە ئاپۆڕەی کۆمەڵێک پسپۆڕ و مامۆستای زانکۆکانی ئێران لێدوانێکی پێشکەش کرد و لە وتەکانیدا تەرکیزی کردە سەر مەسەلەی گفتوگۆکردنی ئێران لەگەڵ ئەمریکا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە لێدوانەکەیدا ڕایگەیاند: ئەمریکا مەبەستیەتی بەڕواڵەت داوای گفتوگۆ بکات تەنیا لەبەر ئەوەی بتوانێت گوشارەکانی سەر ئێران زیاتر بکات بەڵام ئێرانیش لە کارتەکانی گوشاری خۆی کەڵک وەردەگرێت و هەرگیز تووشی ئەو هەڵخزانە نابێت کە دانووستاندن لەگەڵ ئەمریکا بەم شێوازە قبووڵ بکات.
ڕێبەری باڵای ئێران ئەوەشی زیاد کرد: "لە پڕۆسەی دانووستاندا دیاری کردنی تەوەری دانووستانەکە لای ئێمە زۆر گرینگە چوونکە ئێران ئامادە نیە لەسەر هەموو تەوەرەکان گفتوگۆ بکات. بۆ نموونە کۆمەڵێک بابەت هەن کە بۆ ئێران "نامووسی و ئەساس"ن و ئامادە نین لەبارەیانەوە گفتوگۆ بکەین."
ئایەتوڵڵا خامنەی گوتیشی: ئەوەی کە دەڵێن ئێران بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ مەبەست ئەمەیە کە ئێران گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە و ئێمەش دەڵێین "نەخێر". ئەگینا خۆ ئێران کێشەی لاریی لە دانووستاندن لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی نییە.
ڕێبەری باڵای ئێران دووپاتی کردەوە کە لە نێو کاربەدەستانی باڵای وڵاتەکەیدا کەس نیە ئێستا دانووستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە مەعقوول بزانێت. ئەوەش لەبەر دوو هۆکار یەکەم ئەوەی گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا سوودی نابێت و دووهەم ئەوەی ئەو دانووستانە زیانیشی دەبێت.
ئایەتوڵڵا خامنەیی جەختیشی کردەوە کە ئەمریکا مەبەستی لەگفتوگۆکردن گفتوگۆی واقیعی نیە بەڵکوو مەبەستیەتی ئەنجامی گوشارەکانی نەخت بکاتەوە و دەبێت ئێمەش وریا بین چوونکە ئەگەر فریوی بانگەشەی دانووستان بخۆین ئەوا لە سیاسەتماندا خلیسکاوین و دەیدۆڕێنین.
شایانی باسە ئیدارەی ترەمپ زیاتر لە یەک ساڵی تەواوە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشاوەتەوە و وڵاتانی ئەورووپی بەردەوام بەزارەکی داوای مانەوەی ئێرانیان کردووە و بەڵێنیان داوە بەرژەوەندییەکانی ئێران لەو ڕێککەوتنەدا پارێزراو بێت. هەر بۆیەش دەستیان دایە دامەزراندنی کەناڵێکی دارایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بە ناوی "ئینستێکس". بەڵام ئەو کاناڵە دارایییەش تا ئێستا هیچ سوودی نەبووە و ئەورووپا نەیتوانیوە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات و لە بەرانبەر گوشارەکانی ئەمریکا جووڵەی کرداریی نەبووە. هەر بۆیەش ئێران ماوەیێکی دوو مانگەی بۆ ئەورووپا دیاری کردووە و وتوویەتی ئەگەر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ئەورووپا مشوورێکی ڕێککەوتنەکەی نەخوات ئێران هەنگاوی دووهەم هەڵدەگرێت کە ڕەنگە یەک لە بژاردەکانی ئەوە بێت لە ڕێککەوتنەکە بکشێتەوە. جووڵەی سەربازی و نمایشە ڕواڵەتییەکانی ئەمریکاش بە ناردنی هێزی سەربازی و کەشتیی جەنگی بۆ کەنداو و ناوچەکە سوودی نەبووە و ئێستا ئیدارەی ترەمپ یەک هەنگاو بەرەو دواوە کشاوەتەوە و دەڵێن هەرگیز پلانی ئەوەیان بە دەستەوە نەبووە کە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بکەن ئەوەش لەکاتێکدا پاش جووڵاندنی هێزە ئەمریکییەکان مەترسیی سەرهەڵدانی شەڕ لە ناوچەکە باسی لێدەکرا. لەم نێوانەدا کۆمەڵێک وڵاتی ئەورووپی و ئاسیایی باسی نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا دەکەن و دەوترێت 5 وڵات ئامادەییان دەربڕیوە کە نێوەندگیری بکەن. ئێرانیش بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە هەمیشە ئاشتیخوازە بەڵام هەرگیز لە ژێر گوشاردا هەرگیز گفتوگۆ ناکات.
Your Comment