خولێ شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوە دەچێت

بەشی فەرهەنگ و هونەر- بانگهێشتنامەی خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کورد بڵاو کرایەوە بڕیارە ئەو فستیڤاڵە لە شاری سەقز بەڕێوە بچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بڕیاردەری خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کورد ڕایگەیاند: "داوامان لە هونەرمەندانی حەوزەی شانۆی کوردی کردووە بەرهەمەکانیان بۆ ئەو فستیڤاڵە بنێرن و تا ڕۆژی 10ی گەلاوێژی ئەمساڵیش دەرفەتی ناردنی بەرهەمەکان بەردەوامە.

هیوا حاج موحەمەدی ئاماژەی بە ئامانەکانی بەڕێوەبردنی ئەو فستیڤاڵە کرد و ڕایگەیاند: تەرکیز کردن لە سەر زمان و ئەدەبی کورد وەکوو پشتیوانێکی دەوڵەمەند بۆ هاندانی نووسەران بەرەو نووسینی دەقی شانۆنامەکان بەگوێرەی ڕەسەنایەتی و بنەما فەرهەنگییەکانی ناوچە کوردنشینەکان گرینگترین ئامانجی خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردییە.

ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: هونەرمەندان دەتوانن تا ڕۆژی 10ی گەلاوێژی ئەمساڵ بەرهەمەکانیان بنێرن بۆ نووسینگەی فستیڤاڵەکە لە ئیدارەی ڕۆشنیریی شاری سەقز.

حاج موحەمەدی گوتیشی لە کۆتاییی فستیڤاڵەکەدا براوەکانی ئەو فستیڤاڵە لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا خەڵات دەکرێن و باشترین بەرهەمەکان هەڵدەبژێردرێن و بۆ فستیڤاڵی هەولێر و دیاربەکر و کەرکووک و سلێمانی دەنێردرێن.

شایانی باسە خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردی لە سەقز نیوەی دووهەمی مانگی گەڵاڕێزان بەڕێوە دەچێت.

News Code 53991

Your Comment

You are replying to: .
captcha