کوردپرێس:
لەبارەی جموجووڵەکانی داعش، عەمید یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی ماون تەنیا پاشماوەی چەکدارانی داعشن. ئەوان هەوڵ دەدەن لە ناوچە شاخاوییەکان، دۆڵەکان یان ناوچە بیابانییەکان خۆیان بشارنەوە".
ناوبراو باسیشی لەوەکرد:" کارە هەواڵگرییەکان دژیان چڕ کراونەتەوە و هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆن دژیان ئەنجام دەدەن و لە رێگەی هێرشی ئاسمانییەوە دەکرێنە ئامانج. بۆ لە ناوبردنیشیان، ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی بەردەوام ئەنجام دەدرێت. ئێستا پاشماوەی چەکدارانی داعش لەو ناوچانە گەمارۆ دراون و پڕۆسەی ریشەکێشکردنیشان بەردەوامە".
هەفتەی رابردوو وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد و تێیدا داوایکرد، ناوەندی هاوئاهەنگی دەستبەکاربێت و ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجامبدرێت.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراق وەڵامی نامەکە نەدراوەتەوە".
Your Comment