عەبدولمەهدی: دەبێت پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە بین كە بۆ رێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ دەدرێن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- عادل عەبدولمەهدی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كوەیت لەگەڵ شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح میری كوەیت، كۆ بوونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: عادل عەبدولمەهدی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ كوەیت لەگەڵ شێخ سەباح ئەحمەد جابر سەباح میری كوەیت، كۆبۆتەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، هەماهەنگی هاوبەشی هەردوو وڵات و پتەوتركردنی پەیوەندییەكانیان و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە تاوتوێ كراوە.

عادل عەبدولمەهدی لە كۆبوونەوەكەدا وتوویەتی: "بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكانی نێوان عێراق و كوەیت لە قۆناغی كۆتاییداین. مەودای زۆرمان بڕیووە و بەسەر كێشەی گەورەدا زاڵ بووین. بۆ داهاتوویێكی باشتر و بونیاتنانەوەی پەیوەندییەكانمان دەستمان خستۆتە ناو دەستی یەكتر".

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە كردۆتەوە كە هەردوو وڵات دیدگایێكی هاوبەشیان هەیە لە زۆر رووەوە بە تایبەت لە رووی ئاوەدانكردنەوە و بونیاتنانەوە و لیژنەی هاوبەشی هەردوو وڵاتیش لە دۆسیەی هەماهەنگیدا هەنگاوی باشیان بڕیووە.

عەبدولمەهدی تیشكی خستۆتە سەر ئەوەی كە بەجددی كار دەكەن بۆ ئەوەی بە پشتیوانی وڵاتانی دۆست و هاوسێ هەماهەنگییەكانیان بەرەوپێشتر بچن و هەموو بەربەستەكان ببڕن بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو كێشانەی لە رابردووەوە ماونەتەوە.

عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەداوە كە رەوشی ناوچەكە ناسک و ترسناكە و وتوویەتی: "نیگەرانین لەوەی جەنگێكی كاولكەر هەڵبگریسێت لە ناوچەكە. دەبێت پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵانە بكەین كە دەدرێن بۆ رێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ".

عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش كرد كە عێراق ناچێتە سیاسەتی ئیدانەكردن و تۆمەتبار كردنەوە. ئەوەیشی خستەڕوو كە خوازیارە لەو كۆنفرانسەی لەم نزیكانەدا سازدەكرێت گوتارێكی ئارام بەرهەم بێت كە خزمەت بە سەقامگیری ناوچەكە بكات كە لە رووی جەنگ و كاولكاریەوە زەرەرمەند بووە.

لای خۆیەوە شێخ سەباح میری كوەیت دەستخۆشی لەو سیاسەتەكرد كە عەبدولمەهدی پەیڕەوی دەكات و ئاماژەی بەوەكرد كە پێشكەوتن و سەقامگیری عێراق لە سایەی ئەو سیاسەتەوەیە.

شێخ سەباح ئاماژەی بەوەش كرد كە وڵاتەكەی ئامادەی پێشكەش كردنی هاوكارییە بۆ پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی ناوچە جۆراوجۆرەكانی عێراق و وتی: "جەنگ رەوشێكی زۆر سەختە كە زیان بە هەمووان دەگەیێنێت. هیوادارین هەوڵی نێوەندگیری كە زۆر وڵات دەیدەن سەركەوتوو بێت. هەروەها خوازیاری بەرقەراربوونی ئاشتیی و سەقامگیرین كە سوودی بۆ هەمووان هەیە".

سەرچاوە: ڕادیۆ نەوا

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53884

Your Comment

You are replying to: .
captcha