له ‌به‌غدا سكاڵا له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم تۆمار دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌، له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، پەرلەمانتارێکی گۆڕان سكاڵای له‌سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ داواكاریی گشتی عێراق تۆماركرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، غالب محه‌مه‌د، ئه‌مڕۆ له ‌كۆنگره‌یێكی رۆژنامه‌وانیدا له‌ به‌غدا رایگه‌یاند به‌پێی مادده‌ی یه‌ک له‌ یاسای داواكاریی گشتی ژماره‌ 49ی ساڵی 2017 سكاڵاكه‌ی تۆمار كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داواكاریی گشتی عێراق به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ بكات و ببێت به‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی هاوڵاتیان و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

غالب محه‌مه‌د روونی كرده‌وه‌ "حكوومه‌تی عێراق تائێستا چوار مووچه‌ی ته‌واوی 2019ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كورستانی ناردووه‌ و به‌منزیكانه‌ مووچه‌ی مانگی پێنجیش ده‌نیرێت، كه‌چی حكوومه‌تی هه‌رێم ته‌نیا دوو مووچه‌ی دابه‌ش كردووه ‌و پاره‌ی دوو مووچه‌كه‌ی دیكه‌ی بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزی كۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ران به‌كارهێناوه‌، له‌ كاتێكدا مووچه‌ بابێكی تایبه‌ته ‌و نابێت و نایاساییه‌ بۆ بابه‌تی دیكه‌ به‌كاربهێنرێت، به‌ڵكوو ئه‌وه‌ مافی فه‌رمانبه‌رانه ‌و ده‌بێت بدرێت به‌وان، بۆیه‌ به‌م هۆكاره‌ سكاڵام تۆماركردوه‌."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان فه‌رمانبه‌رانی دڵنیا كرده‌وه ‌و وتی ‌"ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانتان بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌، ناكرێت ئێمه‌ لێره‌ شه‌ڕ بكه‌ین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی مووچه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران بگه‌یێنینه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڵام كه‌ دێته‌ هه‌رێمی كوردستان چه‌ند به‌رپرسێک و حكوومه‌تی هه‌رێم به‌دڵی خۆیان ته‌خشان و په‌خشانی بكه‌ن و هاوڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانمان زیاتر برسی بكه‌ن و مافیان نه‌ده‌ن.

ناوبراو جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ داواكاریی گشتی عێراق جێبه‌جێ نه‌كرێت و كاری له‌سه‌ر نه‌كرێت به‌ته‌واوه‌تی ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌م كه‌یسه‌ ببه‌ینه‌ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانتان بۆ بگه‌ڕێنینه‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53883

Your Comment

You are replying to: .
captcha