کوردپرێس: دوای کۆبوونەوەکە لە وڵامی نامەکەی نێچیرڤان بارزانی کە داوای نێوبژیڤانی لە نەتەوەیەکرگرتووەکان بۆ جێبەجێ کردنی مادەی 140 کردبوو جێنین هێنس پڵاسخارد رایگەیاند: "پێش هەموو شتێک پێویستمان بە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستانە. دواتر پێویستە بکەوینە پەیوەندی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، پێموایە ئەمجارە دەستپێدەکەین بە هەنگاونان بەرەوپێش".
ناوبراو درێژەی دا ئەمجارە نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوازێکی جیاواز کار لەسەر مادەی 140ی دەستووری عێراق دەکات، کە تایبەتە بە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
جێنین هێنس پڵاسخارد گوتیشی :" مادەی 140 ئەو بابەتەیە کە بۆ ماوەیێکی زۆر درێژە لەسەر مێزی گفتوگۆیە. پێموایە ئەمجارە کاتی ئەوەیە کە چارەسەر بکرێت و چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزرێتەوە، لەبری ئەوەی لەنێوان پەیوندی حکوومەتی هەرێمی و حکوومەتی فیدراڵیدا بمێنێتەوە".
ئەم وتانەی بەرپرسی یەکەمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دوای نامەیێکی نێچیرڤان بارزانی هات بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش. یەكەمین داواكاری نێچیرڤان بارزانی دەربارەی كەركووک و ناوچە کێشەلەسەرەكان بوو کە رایگەیاندبوو نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێ رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت وەكوو ناوبژیكار و دەستپێكردنی دایەلۆگێكی چڕ لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەش جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment