گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كورد له‌ پارێزگای موسه‌ننا هه‌ڵده‌درێنه‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- دوای دۆزینه‌وه‌ی 3 گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ له‌ بیابانه‌کانی سه‌ماوه‌ حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان بڕیاری داوه‌ ڕووپێوی سێگۆشه‌ی نه‌خشه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی عێراق بکات که‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ پێشبینی ده‌کرێت ئه‌نفالکراوان له‌ بیابانی پارێزگاکانی ئه‌نبار، نه‌جه‌ف، دیوانیه‌ و سه‌ماوه‌ زینده‌ به‌چاڵ کرابن.

کوردپرێس:

له کاتێکدا بڕیاره‌ پاش ڕووپێوکردنی بیابانه‌کانی موسه‌ننا دوای جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان تیمێکی پسپۆڕ کاری ھه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان ئه‌نجام بده‌ن ئه‌حمه‌د مه‌نفی، پارێزگاری موسه‌ننا له‌ لێداونێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت: "ئێستا ئه‌وان چوونه‌ته‌ سه‌ر گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان که‌ پێش دوو مانگ له‌ سه‌ر داوای مه‌سعوود بارزانی دۆزیویانه‌ته‌وه‌ و له‌م ڕۆژانه‌شدا گۆڕه‌کان ھه‌ڵه‌ده‌درێنه‌وه‌ و ڕووفاته‌کان ڕه‌وانه‌ی پزیشکی دادی به‌غدا ده‌كرێن، پاشان ده‌نێردرێنه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان."

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ زیا كه‌ریم به‌رپرسی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان له‌ ده‌زگای شه‌ھیدانی عێراقیش كه‌ له‌گه‌ڵ تیمێک لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ ده‌كات و سه‌ردانی یه‌كێک له‌و گۆڕانه‌ی كردووه‌ ده‌ڵێت: "به‌ ھه‌ماھه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شه‌ھیدان و ئه‌نفالکراوانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیمێکی پسپۆڕی نشتیمانی که‌ له‌ فه‌رمانگه‌ی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کان و کارمه‌ندانی پزیشکی داد پێکھاتووه‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌مان كردووه‌ و ئامانجیش له‌و سه‌ردانه‌ بۆ زانینی شێوه‌ی گۆڕه‌کان و جۆری خۆڵ و نزیکترین شوێنه‌ بۆی تاکوو ئاماده‌کارییه‌ لۆجستیه‌کانی بکه‌ین بو ھه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕانه‌".

له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا به‌ره‌ڤان حه‌مدی بریکاری وه‌زاره‌تی شه‌ھیدان و ئه‌نفالکراوان ده‌ڵێت: له‌ نه‌خشه‌ی تایبه‌تی گۆڕه‌ به‌کۆمه‌ڵه‌کانی عێراقدا ئه‌نفالکراوان ده‌که‌ونه‌ سێگۆشه‌ی بیابانی پارێزگاکانی ئه‌نبار، نه‌جه‌ف، دیوانیه‌ و سه‌ماوه ھه‌ر بۆیه‌ ئه‌رکی حکوومه‌تی ھه‌رێمه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ به‌ شوێن ڕووفاتی ئه‌نفالکراوان بگه‌ڕێت.

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حکوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ھه‌مه‌ھه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌زگای شه‌ھیدانی عێراقی و چه‌ند ڕێکخراوێکی نێوده‌وڵه‌تی لیژنه‌یێکی نشتیمانیان پێكهێناوه‌ و ئه‌رکی ھه‌ڵدانه‌وه‌ی سێ گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ له‌ سنووری پارێزگای موسه‌ننایان له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌ که‌ نزیکه‌ی 300 ڕووفاتی له‌ خۆ گرتووه‌ و بریاریشه‌ له‌ 15ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ ده‌ست به ‌کاره‌کانیان بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53817

Your Comment

You are replying to: .
captcha