نێچیرڤان بارزانی نامەیێک بۆ سکرتێری گشتی یوئێن دەنێرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە نامەیێكدا بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێنج خاڵی سەرەكی پێشنیاز دەكات دەربارەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كە بە "یۆنامی" ناسراوە.

کوردپرێس: ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەموو ساڵێک بە پرۆژە بڕیارێک وادەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق درێژ دەكاتەوە و ئەرک و كارە لەپێشینەكانی دیاری دەكات. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ناڕەزایی بەغدا، بابەتی کەرکووک و ماددەی 140 نەكراوەتە ئەولەویەتی یۆنامی لە عێراق.

یەكەمین داواكاری بارزانی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێش دەربارەی کەرکووک و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە. بارزانی لە نامەكەدا دەڵێت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی یوئێن لە عێراق دەتوانێت "رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت" وەكوو ناوبژیكار و دەستپێكردنی "دایەلۆگێكی چڕ" لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەش: "جێبەجێ كردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق".

لە خاڵێكی دیكەی نامەكەدا، بارزانی داوای بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان كە لانیكەم بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان دابنرێت لە هەولێر لە ئاستی جێگری نێردەی سكرتێری گشتی بێت. هەروەها داوا دەكات كەسێک وەكوو بەرپرسی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان دیاری بكرێت، چوونكە ئەو پۆستە لە ساڵی 2015 وە بە بەتاڵی ماوەتەوە. داواش دەكات بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغداوە بگوازرێتەوە هەولێر چوونكە "90%ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق و 60%ی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن".

ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو ئامارانەی نێو نامەكەی بارزانی پشتڕاست دەكەنەوە، بەڵام لە راپۆرتە مرۆییەكانیاندا دەربارەی عێراق كەمجار ئاماری تایبەت دەربارەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە. نوێنەرایەتی عێراقیش لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە هیچ كۆبوونەوە و كۆنفرانسێكی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێناكات. لە كاتێكدا، ئەو ئاماژەپێكردنە گرنگە بۆ شێوازی دابەش كردنی كۆمەكی نێودەوڵەتی لە عێراق. بودجەی "پلانی مرۆیی" نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەمساڵ 701 ملیۆن دۆلارە كە بۆ یارمەتیدانی 1.7 ملیۆن ئاوارە یان تازە گەڕاوەیە. لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هەرێمی كوردستان نزیكەی یەک ملیۆن ئاوارەی عێراقی لە خۆ گرتووە و هێشتا بە گوێرەی دوا راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان 800 هەزاریان لە كوردستان ماون.

لە خاڵێكی دیكەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات "فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان" لە راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێبكرێت و "دانی پێدا بنرێت".

نەتەوەیەكگرتووەكان ژمارەیێک راپۆرتی دەوریی جیاواز دەربارەی عێراق ئامادە دەكات كە دیارترینیان راپۆرتی سكرتێری گشتییە و سێ مانگ جارێک بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنێردرێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53802

Your Comment

You are replying to: .
captcha