به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، خولووسی ئاکار وه‌زیری به‌رگریی تورکیا له‌گه‌ڵ یا‌شار گوله‌ر سه‌رۆک ئه‌رکانی سوپای تورکیا، ئومیت دوندار فه‌رمانده‌ی ھێزه‌کانی وشکانی، عه‌دنان ئۆزبال فه‌رمانده‌ی ھێزه‌کانی ده‌ریایی و چه‌ند به‌رپرسێکی دیکه‌ی سوپای تورکیا سه‌ردانی حه‌وته‌مین بنکه‌ی سه‌ره‌کی سه‌ربازیی له شاری ماڵاتیا کرد که بڕیاره فڕۆکه‌ی F-35 تیایدا جێگری بكرێ.
ناوبراو گوتی: له نزیکه‌وه چاودێری له‌سه‌ر گۆڕانکاری، پێکدادان و ناسه‌قامگیرییه‌کانی ده‌وروبه‌ری تورکیا ده‌که‌ین. ئیراده‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی تورکیا له‌سه‌ر به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ تیرۆریستییه‌کان وه‌ک PKK/YPG، جه‌ماعه‌تی گوله‌ن، داعش و دیکه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌کان به‌رده‌وامه.
ئاکار باسی له پێشھاته‌کانی ئیدلب کرد و جه‌ختی کرده‌وه: "سه‌ره‌ڕای ڕێککه‌وتنی ئاگربه‌ست، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌ڵێنی خۆی جێبه‌جێ ناکات و ئاگربه‌ست پێشێل ده‌کات و له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامیی ھێرشه‌کان ئه‌وا له‌وانه‌یه سێ تا چوار ملیۆن که‌س له ناوچه‌که‌دا ئاواره ببن و ئه‌مه‌ش ده‌رگا بۆ تراژیدیای نوێی مرۆیی ده‌کاته‌وه هه‌ر بۆیه تورکیا ئه‌وه‌ی له ده‌ستی بێت ده‌یکات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی بێتاوانی سڤیل زیانیان پێ نه‌گات."
وه‌زیری به‌رگریی تورکیا له گوتاره‌که‌یدا باسی له ڕۆژھه‌ڵاتی فورات کرد و ڕاشی‌گه‌یاند: "چه‌ندین جار باسی ئه‌وه‌مان کردووه که ھه‌رگیز ڕێگه به دروست کردنی رێڕه‌وێکی تیرۆریستی ناده‌ین که ببێته ھه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر وڵاته‌که‌مان. له‌مباره‌یه‌وه ئاماده‌کاریی خۆمان ته‌واو کردووه، له کات و شوێنی گونجاو‌دا سوپاکه‌مان ئاماده‌یه بۆ ئه‌نجامدانی چالاکی پێویست".
خولووسی ئاکار باسی له‌وه کرد که سوپای تورکیا ته‌نھا تیرۆریستان ده‌کاته ئامانج و گوتیشی: "چه‌ند لایه‌نێک ئه‌و لێدوانانه‌ی ئێمه به‌لاڕێدا ده‌به‌ن له‌باره‌ی برا کورده‌کانمان. ئێمه له‌گه‌ڵ برا کورده‌کان وه‌ک "نینۆک و گۆشت" واین. ئامانجی ئێمه پاراستنی ئاسایشی وڵاته‌که‌مان و گه‌له‌که‌مان و سنووره‌کانمانه".
سه‌رچاوه: ته‌له‌فزیۆنی NTV
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment