کوردپرێس:
عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق به ده‌نگی ئه‌مریکای ڕاگه‌یاندووه: تاوه‌کوو ئێستا هه‌رێمی کوردستان وابه‌سته‌ییی خۆی له بودجه‌ی 2019ی عێراق جێبه‌جێ نه‌کردووه و هیچ داهاتێکی نه‌وتی ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نه‌کردووه.
له بودجه‌ی ساڵی 2019ی عێراقدا ئاماژه به‌وه کراوه که ده‌بێت هه‌رێمی کوردستانی عێراق ڕۆژانه بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕێگه‌ی کۆمپانیای (سۆمۆ)وه بفرۆشێت و داهاته‌که‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حکوومه‌تی نێوه‌ندی عێراق له به‌غدا و ئه‌مه‌ش له حاڵێکدایه که ڕه‌وانه‌کردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه په‌یوه‌ندییێکی به‌م مه‌رجه‌وه نییه.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق باس له‌وه ده‌کات که ئه‌وه‌تا له ناوه‌ڕاستی مانگی پێنجداین و هێشتا هه‌رێم وابه‌سته‌ییی خۆیی جێبه‌جێ نه‌کردووه و له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه تا ئێستا هیچ داهاتێکی نه‌وتی نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ حکوومه‌تی نێوه‌ندی و ئه‌مه‌ش زیانێکی گه‌وره له بودجه ده‌دات و ده‌شڵێت: ئه‌م ڕاده‌ست نه‌کردنه ده‌بێته مایه‌ی کورتهێنان له بودجه‌ی ساڵی 2019دا و بێگومانیش به ئه‌ندازه‌ی خۆی کاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌بێت به سه‌ر بڕی دیاریکراوی بودجه‌ی هه‌رێم و هه‌روه‌هاش پارێزگاکانی‌تری عێراقه‌وه چوونکه بودجه‌ی وڵاته‌که به شێوه‌یێکی سه‌ره‌کی که‌وتۆته سه‌ر داهاتی نه‌وت.
عاسم جیهاد جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کاته‌وه که بڕیاری پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌وێته سه‌ر بڕیاری حکوومه‌تی عێراق و ده‌شڵێت: داهاته‌کانی نه‌وت ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی حکوومه‌تی فێدراڵی و به‌کارهێنانیشی به‌پێی بودجه‌ی عێراقه و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌بێته خاوه‌نی بڕیار له چۆنیه‌تیی خه‌رج کردنی ئه‌و بودجه‌یه‌دا و هه‌روه‌هاش چۆنییه‌تیی پڕکردنه‌وه‌ی کورتهێنانه‌کانی بودجه‌دا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق هۆشداری دا که "وابه‌سته‌بوون به بودجه‌وه شتێک نییه چاوپۆشی لێبکرێت."
ناوبراو سه‌باره‌ت به ڕاکێشانی بۆرییێکی نوێ بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له که‌رکووکه‌وه بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان له تورکیا ئاماژه به‌وه ده‌کات که بۆریه کۆنه‌که که ده‌یان ساڵه نه‌وتی لێوه ده‌گوێزرێته‌وه به‌هۆی شه‌ڕه‌کانی داعشه‌وه خراپ بووه بۆیه پێویست به ڕاکێشانی بۆرییێکی نوێ هه‌یه به هه‌مان شانی بۆریه کۆنه‌که‌دا و ده‌شڵێت: "ئه‌م بۆریه نوێیه له که‌رکووکه‌وه ده‌ست پێده‌کات و به هه‌ر دوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و نه‌ینه‌وادا ده‌ڕوات تا سه‌ر سنووری تورکیا."
له ناو عێراقه‌وه به‌شێک له سه‌رچاوه‌کانی هه‌واڵ ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که ڕاکێشانی ئه‌م بۆریه نوێیه‌ی نه‌وت په‌یوه‌ندی به دوو دۆسیه‌وه هه‌یه؛ یه‌که‌میان ڕێککه‌وتنه په‌نجا ساڵییه‌که‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی کابینه‌ی هه‌شتی هه‌رێمه له‌گه‌ڵ تورکیادا له‌سه‌ر هه‌نارده‌کردنی نه‌وتی هه‌رێم و دووهه‌میشیان ئه‌و داوا یاساییه‌یه که عێراق له‌سه‌ر تورکیا تۆماری کردووه و داوای 28 ملیار دۆلار ده‌کات وه‌ک قه‌ره‌بو که عاسم جیهاد نکوڵی لێده‌کات و ده‌ڵێت: ڕاکێشانی ئه‌و بۆریه بۆ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت هیچ په‌یوه‌ندییێکی نییه به هیچ دۆسیه‌یێکی‌تره‌وه و هێشتا زووه قسه له‌سه‌ر ئه‌و داوا یاسایییه بکرێت چوونکه په‌یوه‌ندی به لایه‌نی یاسایی و ته‌کنیکییه‌وه هه‌یه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment