سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ئه‌مریکا دژی ئێران کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت

به‌شی جیهان- سس فرانزمه‌ن ده‌ڵێت: چاوه‌ڕوان ناکرێت سه‌ره‌ڕای سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ئه‌مریکا دژی ئێران شه‌ڕێک له‌ نێوان هه‌ر دوو وڵات ڕوو بدات به‌ڵام به‌شی خانووبه‌ره‌ و گه‌شتیاری هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی داکشان بۆته‌وه‌ و ژماره‌یێک له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هاوکاریی سه‌ربازیی خۆیانیان له‌گه‌ڵ کورد به‌ شێوه‌ی کاتی ڕاگرتووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سس فرانزمه‌ن کارناسی کاروباری کورد هۆشداری ده‌دات که‌ سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ئه‌مریکا دژی ئێران به‌ بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕێک ڕووی دابێت کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان داناوه‌ و به‌شی سه‌ربازی و ئابووریی ئه‌و وڵاته‌ی په‌ک خستووه‌.

ناوبراو له‌ یادداشته‌که‌یدا که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی خۆی بڵاوی کردۆته‌وه‌ هۆشداری داوه‌ که‌ هه‌رێمی کوردستان هاوکارییێکی به‌رفراوانی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌ و بارودۆخی ئه‌و ناوچه‌یه‌ پاش قه‌یرانه‌کانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو ڕووی له‌ باشتربوون کردبوو به‌ڵام گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ به‌تایبه‌ت سیاسه‌تی دوژمنکارانه‌ی ئه‌مریکا نیسبه‌ت به‌ ئێران نیگه‌رانیی به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستانی لێکه‌وتۆته‌وه‌.

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری کورد باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ ئێستادا سیاسه‌تی ئه‌مدواییه‌ی ئه‌مریکا دژی ئێران کارتێکه‌ریی نێگه‌تیڤی خۆی له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان داناوه‌ له‌وان پچڕانی هاوکاریی سه‌ربازیی ژماره‌یێک له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان له‌وان ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا.

سس فرانزمه‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که زۆرینه‌ی‌ سه‌رمایه‌دانه‌رانی هه‌رێمی کوردستان بیانین و نیگه‌رانیی خۆیانیان له‌ گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌مدواییه‌ ده‌ربڕیوه‌ و مومکینه‌ سه‌رمایه‌کانیان له‌ هه‌رێمی کوردستان ببه‌نه‌ده‌ره‌وه‌.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌ به‌شێکی دیکه‌ له‌ کارتێکه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌کانی ته‌نگه‌ژه‌ی نێوان ئه‌مریکا و ئێران له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و ده‌نووسێت: ئه‌م بابه‌ته‌ کارتێکه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر بازاڕی خانووبه‌ره‌ی هه‌رێم داناوه‌. ناوبراو ئیدعا ده‌کات که‌ به‌ دوای ڕاگه‌یاندنی بڕیاری کشانه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی کونسووڵخانه‌ی ئه‌مریکا له‌ هه‌ولێر پێته‌ختی هه‌رێمی کوردستان و وه‌ستاندنی پڕۆسه‌ی ده‌رکردنی ڤیزا ژماره‌یێک له‌ عه‌ره‌به‌کانی عێراق که‌ هه‌رێمی کوردستانیان به‌ شوێنێکی ئه‌من وه‌سف ده‌کرد و له‌وێ خانوویان کڕیبوو له‌ ئێستادا بیر له‌ به‌جێهێشتنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌که‌نه‌وه‌.

ئه‌م کارناسه‌ی کاروباری کورد پێی وایه‌ که‌ ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ له‌ ناوچه‌که‌ زۆر که‌مه‌ به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ له‌ ئێستادا ته‌نگه‌ژه‌کانی نێوان ئێران و ئه‌مریکا کارتێکه‌رییێکی نه‌رێنی له‌سه‌ر سه‌قامگیریی هه‌رێمی کوردستان داناوه‌ و یه‌کێک له‌ گرنگترین به‌شه‌کانی ئابووری هه‌رێمی کوردستان په‌یوه‌ندیی به‌ گه‌شتیارییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی بۆته‌وه‌.

ناوبراو هۆشداری دا ئه‌گه‌ر ته‌نگه‌ژه‌کان ته‌شه‌نه‌ بسێنێت ده‌رفه‌تی خۆڕێکخستنه‌وه‌ بۆ داعش ده‌ڕه‌خسێت و هه‌مدیسان مومکینه‌ ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ببێته‌وه‌.

فرانزمه‌ن ده‌شڵێت: به‌رپرسانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕێکی دیکه‌ له‌ ناوچه‌که‌ به‌ که‌م ده‌زانن و ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ له‌ ئێستادا کارتێکه‌رییه‌ نه‌رێنییه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی گریمانه‌کراو خۆی نیشان داوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53735

Your Comment

You are replying to: .
captcha