لەسەر دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان وەزارەتی پێشمەرگە نامەیێک ئاراستەی وەزارەتی بەرگری عێراق دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بە مەبەستی هاوئاهەنگی كردن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە جیناكۆكەكان دوای زیادبوونی جمووجوڵی‌ داعش لەو ناوچانە، وەزارەتی پێشمەرگە نامەیێكی ئاراستەی وەزارەتی بەرگریی عێراق كرد.

کوردپرێس: فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە ئامانجی دامەزراندنی ناوەندەكانی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكان و ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانەی ئێستا جمووجوڵی داعشیان تێدایە، کە زۆربەی لە ناوچە جێناكۆكەكانە، ئێمە وەكوو لیژنەی باڵا لە وەزارەتی پێشمەرگە نووسراوێكمان ئاراستەی لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق كرد، بۆئەوەی بەزووترین كات كۆبونەوەیێک ئەنجام بدەین و ئەو هەلومەرجەی هەیە تاوتوێ بكەین و هەنگاوەكانی داهاتوو دیاریبكەین".

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کرد: "ئاراستەکردنی نامەکە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ دێت بەسەر یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی وەزارەتی پێشمەرگە و لیژنەی باڵای هاوئاهەنگی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەگەڵ سەرۆكی لیژنە ناوچەییەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە كە هەریەكە و پێنج لیژنەی لاوەكیان هەیە بۆ ناوچەكانی دیالە، سەڵاحەدین، كەركووک، مەخموور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی موسڵ".

جەبار یاوەر گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا رووپێوی ناوچەكان و دابەش بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق لە خانەقینەوە تاوەكوو رەبیعە لەسەر نەخشە دەستنیشان كرا، نەخشەكەش پێشكەشی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری كرا، ئەو ناوچانەی كە بۆشاییان تێدایە دیاریكران بۆئەوەی هەنگاوەكانی دیكە دەستپێبكەین.

جەبار یاوەر ئاشکرایشی کرد، دوورۆژە نامەکەیان ناردووە و تاوەکوو ئێستا هیچ وەڵامێكمان بەدەست نەگەیشتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە ماوەیێکە جموجوڵی چەکدارانی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان زیادی کردووە و ئەوەش نیگەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی لێکەوتووەتەوە.

جمووجوڵەکانی چەکدارانی داعش لە مەخموور و بە دیاریکراوی لە گوندەکانی دەوروبەی مەخموور و چیای قەرەچووغ زیادی کردووە، داعش لە بەرامبەر پێنەدانی زەکات و سەرفیترە نزیکەی 15 دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ داچێندراوی دەوروبەری کەندێناوەی ئاگر تێبەردا.

شایانی باسە پێشتر جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردپرێسی ڕاگەیاند: "گفتوگۆکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەمەبەستی دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو ناوچانە بەڕێوە دەچێت کە داعش بوونی هەیە. ئێمە لەبارەی پڕۆەیێکی سەربازییەوە گفتوگۆ دەکەین و باسی پرسی سیاسیمان نەکردووە. لە دانووستانەکانماندا تەرکیزمان لەسەر ئەم خاڵەیە کە هێزی پێشمەرگە وەکوو بەشێک لە سیستەمی بەرگریی عێراق چۆن دەتوانێت بە هاوکاری و هاوڕایی سوپای عێراق ئەو هەڕەشانەی کە لەلایەن داعشەوە عێراق و هەرێم دەخاتە مەترسییەوە پووچەڵ بکاتەوە".

هەواڵی پێوەندی دار:

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45701

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53726

Your Comment

You are replying to: .
captcha