ساوایێکی تەمەن یەک ڕۆژان بێکەس لە کۆڵانەکانی شار

بەشی کوردستان- تراژدیای فڕێدانی ساوا نەوڕەسەکان ئەم جار لە شاری سنە و لە گەڕەکی سەعدی ڕووی دا. پزیشکی فریاکەوتنی سنە دەڵێت کۆرپە فڕێدراوەکە زیندووە.

کوردپرێس:

پۆلیسی شاری سنە بە تەلەفونی هاووڵاتییێک ئاگادار کرایەوە کە ساوایێک لە کۆڵانێکی گەڕەکی سەعدی بێکەس فڕێ دراوە. بۆیەش پۆلیس دەستبەجێ دەگاتە سەر شوێنی ڕووداوەکە و ساوا فڕێدراوەکە ڕادەستی پزیشکی فریاکەوتن دەکات.

بەڕێوەبەری پزیشکی فریاکەوتنی زانکۆی پزیشکیی پارێزگای کوردستان لە لێدوانێکدا لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: کاتژمێر 10 و 30 خولەکی ڕۆژی شەمە فەرمانبەرانی پۆلیسی 110 بە تەلەفونی هاووڵاتییێک ئاگادار کرانەوە کە ساوایێکی ڕەگەز نێرینە لە کۆڵانەکانی گەڕەکی سەعدیدا لە پەلاستیکەوە پێچراوە و فڕێ دراوە.

فەرامەرزی گوتیشی تیمی فریاکەوتنی زانکۆی پزیشکیی کوردستان دەستبەجێ ساواکەیان گەیاندە نەخۆشخانە و بۆیان دەرکەوت کە زیندووە بۆیە بەخێرا چارەسەری پزیشکییان دەست پێکرد و ئێستا لە ژووری چاودێریی تایبەتی ساوایان لە نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنەدا پشکنینی زیاتری بۆ دەکرێت.

ناوبراو زیادیشی کرد: پاش ئەوەی باری تەندروستیی ئەو ساوایە جێگیر بوو ڕادەستی ئیدارەی خۆشبژێوی دەکرێت.

بەپێی مادەی 633ی دەستووری سزادان هەر تاکێک سەربەخۆ یان لە سەر فەرمانی کەسی دیکە ساوا یان کەسێکی بێدەسەڵاتی دیکە فڕێ بدات زیندانی 6 مانگ بۆ 2 ساڵی بەسەردا دەسەپێنرێت ئەوەش جگە لەو بڕە پارەیەی وەکوو سزای تاوانەکەی لێی وەردەگیرێت.

چیرۆکی فڕێدانی ساواکان نەک هەر خەسارێکی قورسی کۆمەڵایەتییە بەڵکوو تراژدیایێکی سەردەمە کە تەزوو بە دڵ و جەستەی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژداندا دەهێنێت. هۆکارەکەشی هەرچی بێت نابێتە پاساو بۆ ئەو تاوانە.

News Code 53673

Your Comment

You are replying to: .
captcha