به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کۆمپانیای ڕووسنه‌فتی ڕووسیا کۆمپانیایێکی گه‌وره‌ی نه‌وتیی بیانییه که له ساڵی 2017وه بۆ ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان واژۆ کردووه.
ئه‌لجه‌زیره‌ی ئینگلیزی له ڕاپۆرتێکدا باس له‌وه ده‌کات که ڕووسنه‌فت دوو ساڵ پێش ئێستا نزیکه‌ی دوو ملیار و یه‌کسه‌د هه‌زار دۆلاری وه‌ک پاره‌ی پێشوه‌خته‌ی فرۆشی نه‌وت ڕاده‌ستی هه‌رێمی کوردستان کرد و به دوای سه‌فه‌ری دوو ساڵ لهومهبهری نێچیرڤان بارزانی بۆ ڕووسیاش 400 ملیۆن دۆلاری دیکه‌ی بۆ دابینکردنی سه‌رمایه‌ی ده‌رهێنانی نه‌وت له چه‌ندین کێڵگه‌ی نه‌وت ته‌رخان کرد.
ئه‌مڕۆ کۆمپانیای ڕووسنه‌فت له ڕاپۆرتێکدا ئاستی سوود و زه‌ره‌ری خۆی له ماوه‌ی سێ مانگی یه‌که‌می ساڵی 2019ی بڵاو کرده‌وه.
به‌پێی ئه‌م ڕاپۆرته، هه‌رێمی کوردستان قه‌باره‌ی قه‌رزه‌کانی خۆی به‌و کۆمپانیایه به شێوه‌یێکی به‌رچاو دابه‌زاندووه و له 31ی دیسمبێری 2018وه قه‌باره‌ی قه‌رزه‌کانی خۆی به‌و کۆمپانیا ڕووسیه بۆ یه‌ک ملیار و 400 ملیۆن دۆلار که‌م کردۆته‌وه.
ڕووسنه‌فت ڕایگه‌یاندووه که هه‌رێمی کوردستان له‌م ماوه‌یه‌دا یه‌ک ملیار و شه‌شسه‌د ملیۆن دۆلاری به‌و کۆمپانیایه داوه‌ته‌وه. تاکوو 31ی دیسێمبێری 2018 هه‌رێمی کوردستان بڕی 3 ملیار دۆلار قه‌رزداری کۆمپانیای ڕووسنه‌فت بووه.
هه‌رێمی کوردستان له دوو ساڵی ڕابردوودا به پێدانی مونه‌زه‌می حه‌قده‌ست و قه‌رزه‌کانی خۆی به کۆمپانیا نه‌وتییه بیانییه‌کان سه‌رنجی کۆمپانیا بیانییه‌کانی بۆ سه‌رمایه‌دانه‌ریی زیاتر له هه‌رێمی کوردستان ڕاکێشاوه.
کۆمپانیای ڕووسنه‌فت ده‌یهه‌وێت بۆ دروستکردنی هێڵی بۆری گواستنه‌وه‌ی گازی هه‌رێمی کوردستان بۆ ئه‌ورووپا یارمه‌تی ئه‌و ناوچه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باکووری عێراق بدات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment