پاش 29 ساڵ عه‌مان باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ به‌غدا ده‌کاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق داخوازییێکی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عه‌مان له‌ عێراق ئاشکرا ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌و وڵاته‌ ده‌یهه‌وێت پاش تێپه‌ڕبوونی نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌ باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ به‌غدا بکاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی 10ی ئایاری 2019 ئه‌حمه‌د سه‌حاف وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌گه‌یاند: محه‌مه‌د عه‌لی حه‌کیم وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ نامه‌یێکی له‌ یووسف بن عه‌له‌وی هاوتا عه‌مانییه‌که‌ی پێگه‌یشتووه‌ که‌ تێیدا ته‌ئکید له‌سه‌ر بڕیاری عه‌مان بۆ کردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ و ده‌ست پێکردنی چالاکی دیپلۆماتیک له‌ به‌غدا کراوه‌ته‌وه‌ به‌ ئامانجی کارابوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌کانی نێوان دوو وڵات.

له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌: عێراق ئه‌و بڕیاره‌ی عه‌مان به‌ نیشانه‌ی خواستی ئه‌و وڵاته‌ بۆ قووڵ‌بوونه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌ی نێوان دوو وڵات و خواستی جیدی بۆ ئاڵوگۆڕی نوێنه‌رایه‌تیی دیپلۆماتیک له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌کان و پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی و هاوکاریی دووقۆڵیی نێوان دوو لایه‌ن وه‌سف ده‌کات.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ کۆتاییدا ڕای‌گه‌یاندووه‌: عێراق پێی وایه‌ که‌ بڕیاری عه‌مان بۆ کردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا پیشانده‌ری گۆڕانکارییێکی ئیجابی و به‌شداریی ئه‌و وڵاته‌ له‌ چالاکییه‌ هاوبه‌شه‌کانه‌.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش له‌ په‌یامێکدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی توویته‌ردا وه‌رگرتنی نامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌مان له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ پاش تێپه‌ڕبوونی 29 ساڵ له‌ به‌غدای پشتڕاست کرده‌وه‌ و نووسیی: به‌خێرهاتنی براده‌رانی عه‌مانی بۆ به‌غدا ده‌که‌ین به‌ مه‌به‌ستی هاوکاری له‌گه‌ڵ براده‌رانی دیپلۆماتی عه‌ره‌ب و بیانی.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ عه‌مان له‌ ساڵی 1990ی زایینی و به‌ دوای داگیرکردنی کوه‌یت له‌لایه‌ن ڕژێمی ڕووخاوی به‌عسه‌وه‌ باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ به‌غدا داخست و ئه‌مه‌ش له‌ کاتێکدایه‌ ساڵی 2015 ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دیدارێکی له‌گه‌ڵ بن عه‌له‌وی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌مان ئه‌نجام دابوو و به‌ شێوه‌ی فه‌رمی داوای له‌و وڵاته‌ کردبوو که‌ باڵیۆزخانه‌ی خۆی له‌ به‌غدا بکاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی ئه‌خباریه‌

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53597

Your Comment

You are replying to: .
captcha