ئەمریکا بە گوێرەی بەرژەوەندیی سیاسی تەعامول لەگەڵ کورد دەکات

بەشی جیهان- پڕۆفیسۆر پاتریک جەیمز بە کوردپرێسی وتووە: ڕەنگە کورد بڕوای وا بێت ئەمریکا هاوڕێیێکی باشترە بۆی بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەساسی تەعامولی ئەمریکا لەگەڵ کورد بەپێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆیەتی.

کوردپرێس:

پاش 2003 ئەمریکا بەردەوام لە عێراق بوونی بووە بەڵام هەمیشە بوونی ئەمریکا لە عێراق پێشوازیی باشی لێنەکراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە لەو سەردەمی جۆرج بووشەوە کە عێراقی داگیر کرد تا سەردەمی باراک ئۆباما کە هێزە ئەمریکییەکانی لە عێراق کشانەوە ژمارەیێکی زۆر سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون.

ناڕەزاییە نێوخۆییەکان بەرانبەر بە بوونی ئەمریکا لە عێراق نەیتوانیوە ببێتە هۆ نەمانی هێزی ئەمریکی لەو وڵاتە. ئەمریکا جگە لە بەغدا، پێوەندیی باشی ئەمنی و سەربازیشی لەگەڵ کوردی عێراق هەیە کە لە باکووری عێراق بە ناوی هەرێمی کوردستان حکوومەتی خۆجێییان پێکهێناوە. بۆیەش ئەمریکا بڕیاری داوە گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان بکاتەوە. جگە لەوەش ئەمریکا ساڵانە بڕی سەد ملوێن دۆلاری بۆ خەرج کردنی بەشێک لە بودجە و مووچەی پێشمەرگە تەرخان کردووە و لەگەڵ ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەڕەنسا کار بۆ ئەوە دەکەن کە هێزی پێشمەرگە بەکبخەن و بیکەن بە هێزێکی نیشتمانی و لە قەبارەی حیزبی بوون دەریبهێنن.

سەرهەڵدانی داعش وای کرد جارێکی دیکە ئەمریکا بە ناوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژەداعشەوە پێوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و هەروەهاش حکوومەتی هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات. پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانان لە شەڕی دژبەداعشدا لە ماوەی ساڵانی 2014 بۆ 2017 دەوری تایبەتی بینی بۆ شکستدانی داعش بەڵام جووڵەی ناوبەناوی داعش لە دەوروبەری کەرکووک زەنگی مەترسییە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ داعش بتوانێت خۆی یەک بخاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بۆ تاوتوێ کردنی ئەم بابەتانە گفتوگۆیێکی لەگەڵ پڕۆفیسۆر پاتریک جەیمز مامۆستای پسپۆڕی زانکۆی کالیفۆڕنیای باشوور و بەڕێوەبەری توێژینگەی نێودەوڵەتیی ئەو زانکۆیە کردووە.

هەواڵنێری کوردپرێس لەو پسپۆڕەی کاروباری شەڕی عێراق و ئەفغانستانی پرسی ئایا دەکرێت بە شکستهێنانی هەیکەلییەتی داعش هیوامان بەوە ببێت کە شەڕ لە عێراق کۆتاییی پێدێت؟ پڕۆفیسۆر جەیمز لە وەڵامدا گوتی: "بە یەک وشە کورتی دەکەمەوە: نەخێر. داگیرکرانی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە دۆخەێکی ئاڵۆزی خولقاندووە. دەوڵەتەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و بەتایبەت لە سەردەمی جۆرج بووشەوە نەیاندەزانی کە ناردنی چەند هێزێکی داگیرکەر تەنیا دەستکەوتی ئەوە دەبێت کە بۆ چەندین ساڵ لە عێراق ئاژاوە و توندوتیژی دەنێتەوە. ئێستاش هەر لێکەوتە خراپەکانی بۆچوونی ساویلکانەی دۆناڵد ڕۆمسفیڵد وەزیری بەرگریی ئەو کاتەی ئەمریکا و بەرپرس و چاودێرە سەربازییەکانی بەچاو دەبینین کە هۆشداریی ئەوەیان دابوو دەبێت ژمارەی ئەو هێزانەی دێنە عێراق زۆر زیاتر بن."

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی زانکۆی کالیفۆڕنیا بڕوای وایە بوونی ئەمریکا لە عێراق ناتوانێت کۆتایی بە شەڕە نێوخۆیییەکانی ئەو وڵاتە بهێنێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە بە عەقڵییەتێکی هەڵە عێراقی داگیر کرد. ئەمریکا لە باری سەربازییەوە دەسەڵاتی یەکەمی جیهانە. بەڵام هەندێک جار کەسانێک هەن وادەزانن بە تەنیا هێز و دەسەڵاتی سەربازی بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئارامی یان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی بارودۆخەکە بەسە. بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو کە ئەمریکا بەباشی عێراقی نەناسیبوو و داگیری کرد. هەمان هەڵەشی لە شەڕی ڤیێتنامدا کرد بەڵام تۆزێک هەلومەرجەکە لەوێ جیاوازتر بوو."

کوردپرێس لە بارەی کاتی کشانەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق پرسیاری لە پڕۆفیسۆر جەیمز کرد. ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: "ناکرێت بە ڕوونی بڵێین کە هێزی ئەمریکی تا چ کاتێک لە عێراقدا دەمێنێتەوە. ئەگەر دەوڵەتێکی تۆکمە و پاوەجێ لە عێراقدا ببێت و هاووڵاتییانی عێراقی پشتی بگرن پێویستی بە پشتگیریی بیانییەکان نابێت. بۆیە پێویستە دەوڵەتی عێراق لە نێوخۆوە پشتگیری بکرێت. سنوورەکانی عێراق لەژێر کاریگەریی زلهێزەکاندایە هەر بۆیەش دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی ناتەواوە. لە وڵاتێکدا کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی دەوڵەتەکە بە دەوڵەتی خۆیان نازانن زۆر زەحمەتە کە ئەو دەوڵەتە بتوانێت مەشرووعییەت و ڕەوایەت بۆ خۆی دروست بکات."

بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی نێودەوڵەتیی زانکۆی کالیفۆڕنیا لەبارەی هەوڵی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: " من لەو قەناعەتەدا نیم کە شتی وا ڕوو بدات. لە بەر چەند هۆکار. گرینگترینیشیان ئەوەیە کە هێزە ئەمریکییەکان بوونەتە بەشێک لە جومگەی ئابووری خۆجێیی لە عێراق."

ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دروست کردنی گەورترین کونسوڵخانەی خۆیانن و هێزەکانی ئەو وڵاتەش عیلاقاتی زۆریان لەگەڵ کوردی عێراق هەیە. پرسیار لە پڕۆفیسۆر جەیمز کرا کە ئایا پێوەندیی نێوان ئەمریکا و کورد گەشتۆتە ئاستێکی ستراتێجییانە؟ "ناوبراو لە وەڵامدا بە کوردپرێسی وت: ڕاستە پێوەندییەکان زۆرن بەڵام ناکرێت بڵێین ئەمریکا بەهای زۆر بە کورد دەدات. ڕەنگە کورد وابزانێت ئەمریکا پشتگیرییان دەکات بەڵام پێ دەچێت ئەوە خەیاڵی خاو بێت. ئەمریکا بە گوێرەی بەرژەوەندیی سیاسی و بۆ قازانجی خۆی پێوەندیی لەگەڵ کورد هەیە. کورد هەمیشە دەنگی هەڵبڕیوە و دەڵێت ژمارەیان زۆرە و دەبێت کیانێکی سەربەخۆیان هەبێت بەڵام خۆتان دەیبنین ئەمریکا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو مەسەلەیە دەکات نەخوازەڵا لە باکووری عێراقیش."

News Code 53596

Your Comment

You are replying to: .
captcha