کوردپرێس:
نزیکەی 7 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دراوە و ململانێی نێوان سێ حیزبی سەرەکیی هەرێم واتا پارتی و یەکێتی و گۆڕان بۆتە ئاستەنگ بۆ پێکهێنانی حکوومەت و شەڕە پۆست و موناقەشەی دەسەڵات لە سیادییەکانی هەرێم وای کردووە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت تا ئەمڕۆش پەکی بکەوێت.
دیاری کردنی دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بە دەرەچەیێک بۆ دەربازبوون لە ناکۆکییەکان و هەر سێ لایەن لە سەر ئەو بابەتە ڕێککەوتن بەڵام ململانێی حیزبەکان لە سەر دەسەڵاتی ئەو دوو جێگرە و مەسەلەی جێگری سەرۆک بۆ کاروباری سەربازی دیسان بوو بە خاڵێکی دیکەی ململانێکان.
ئەگەرچی شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند گۆڕان و پارتی رێککەوتنیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت و بڕیارە پۆستی جێگری سەرۆک بۆ کاروباری سەربازی بە گۆڕان بدرێت بەڵام وا دەردەکەوێت پارتیش و یەکێتیش مل بەو مەسەلەیە نادەن و دەیانهەوێت هەموو دەسەڵاتی سەربازی و کاروباری پێشمەرگە بە دەست خۆیانەوە بێت.
لە لایێکی دیکەشەوە ئەمڕۆ چوارشەمە 8ی ئایار بڕیارە پەرلەمانی کوردستان دەنگ لە سەر هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم بدات و ئەوەش لە کاتێکدایە جهلال محهمهد، ئهندامى فراکسۆنى گۆڕان له لیژنهى یاساییى پهرلهمانى کوردستان به "هاوڵاتی"ى وتووە: "ئێمه وهکوو فراکسۆنى گۆڕان بۆچوونمان ئهوهیه که له ههموارى یاساکه بنووسرێت سهرۆکى ههرێم جێگرى دهبێت، نهک بنووسرێ دوو جێگر".
هەر لەو بارەیەشەوە هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان 24ی ڕاگەیاند: لە هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمدا تەنیا دەنووسرێت کە سەرۆک جێگری دەبێت بەڵام ئاماژە بەوە نەکراوە کە دوو جێگری هەبێت. بۆیە سەرۆکی داهاتووی هەرێم خۆی دەسەڵاتی جێگرەکانی دابەش دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە لوقمان وەردی، لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند ئەوان پێشتر لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان وەکو فراکسیۆن پێشنیازیان کردووە سەرۆک دوو جێگری هەبێت، ئەمەش لە لیژنەی یاساییی پەرلەمان چەسپێندراوە، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە لێدوانێکدا گوتوویەتی لە پرۆژەیاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە ناکرێ سەرۆک چەند جێگری دەبێت، تەنیا دەنووسرێت سەرۆک جێگری دەبێت، بۆیە فراکسیۆنی یەکێتی بەمە رازی نابێت.
لە بەرانبەردا لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتووێژێکی لەگەڵ بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا وەڵامی وتەکانی شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕانی داوەتەوە و دەڵێت: "پڕەنسیبێک" هەیە کە ئێمە و پارتی لەسەری ڕێککەوتووین ئەویش ئەوەیە تا هێزە چەکدارەکانی کوردستان دەبنە هێزی نیشتمانی وە هێزی حەفتا و هەشتا ناویان نامێنێ دەبنە هێزێکی نیشتمانیی کۆ کراوە تا ئەو شوێنەی بڕیار لە چارەنووسی ئەو هێزانە دەدرێت دەبێت ئەو پۆستانەی کە بڕیار لەسەر چارەنووسی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەدات بەدەست یەکێتی و پارتییەوە بێت، "مەنتقیش" هەروا دەڵێت ناکرێت هێزێکی سیاسی هێزی نەبێت بڕیار لەسەر چارەنووسی هێزی هێزێکی سیاسی تر بدات ئێـمە پێمان خۆش دەبوو ئێستا هێزە چەکدارەکان و هێزەکانی پێشمەرگە هێزی نیشتمانی بوونایە بۆ ئەوەی هەموو کەسێکی "مەدەنی" بیتوانیایە ئەو پۆستانە وەربگرێت بەڵام واقیع وا نیە.
پێشتریش بەرپسانی یەکێتی و لەوان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی ئەو حیزبە وتبووی ئەگەر جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ کاروباری سەربازی بدرێت بە کەسێک لە گۆڕان ئەوا ئەو هێزانە فەرمانەکانی جێگری سەرۆک جێبەجێ ناکەن.
بەم ناکۆکییەی نێوان سێ حیزبی سەرەکیی هەرێمی کوردستان وا دەردەکەوێت پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت دیسان دوا دەکەوێتەوە و تەواوکردنی پڕۆسەکە ئاسان نابێت نەخوازەڵا بەو وتانەی گۆڕان کە وتوویەتی بەو ئامانجە بەشداریی لە حکوومەت کردووە کە چاکسازی لە سیستەمی دەسەڵات بکرێت و هێزی پێشمەرگە و دەسەڵاتی ئەو هێزە سەربازییەی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بندەست دوو حیزبی یەکێتی و پارتیدا نەبێت.
Your Comment