٧ ئایار ٢٠١٩ - ١٩:٢٤
ئێران بڕیارە قورسەکە دەدات

بەشی ئێران/ کوردی- یەک ساڵ پاش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و ئەرووپا سەرەڕای مانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنەکە نەیتوانی ئیلتیزام بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوە بکات، تاران بەنیازە بڕیاری وازهێنان لە بەشێکی ئیلتیزامەکانی ڕابگەیێنێت.

کوردپرێس:

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەمە 8ی ئایاری 2019 نامەیێک تەسلیمی باڵوێزەکانی هەر 5 وڵاتی واژۆکاری ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکات و لە نامەکەیدا ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی بێ مەلاباتیی ئەو وڵاتانە و فەوتانی دەستکەوتەکانی ئێران، بەشێکی ئیلتیزامەکانی تاران بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سڕ دەکرێت و ئێران بە مافی خۆی دەزانێت واز لەو بەشەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بهێنێت.

بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵوێزی هەر 5 وڵاتەکە بکات و نامەکەی ڕۆحانییان پێ تەسلیم بکات.

ناوەرۆکی نامەکەی ڕۆحانی سیاسییە و نادرکێندرێت بەڵام هەواڵی تەسلیم کرانی بە میدیاکان ڕادەگەیێندرێت.

ئەگەرچی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە هەندێک هەواڵی میدیاکانیشدا دەنگۆی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە ئەو نامەیە پێشەکی و زەمینەخۆشکەرە بۆ کشانەوەی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەڵام حیشمەتوڵڵا فەلاحەت پیشە سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران ڕەتی کردۆتەوە ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە و وتوویەتی: ئێران کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی بۆ خۆی دانابوو کە ئێستا تەنیا واز لەو ئیلتیزاماتە دەهێنێت ئەگینا پێبەند دەبێت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی 4 کۆ یەک.

هاوکات محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێرانیش کە ئەمڕۆ سێشەمە 7ی ئایار بە سەردانێک دەگاتە ڕووسیا و لەگەڵ هاوتا ڕووسەکەی کۆ دەبێتەوە پێش سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ وتبووی تا ئەو کاتەی ئەرووپا پێبەند بێت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانیش لەو ڕێککەوتنەدا دەمێنێتەوە و لەگەڵ لایەنی ئەورووپی کار دەکەن بۆ پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانی ئێران.

ئەم بڕیارەی تاران لە کاتێکدایە سبەی چوارشەمە 8ی ئایار ئەو ڕۆژەیە کە ئەمریکا تاکلایەنانە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە و بڕیارە سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک سزای ئابووریی نوێ بە سەر ئێراندا بسەپێنێت.

News Code 53544

Your Comment

You are replying to: .
captcha