کوردپرێس:
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم کە ئەمڕۆ هەر سێ لایەن پارتی، یەکێتی و گۆڕان گەیشتینە رێککەوتنی کۆتایی و هەر سێ لایەنەکەش خۆمان بە براوەی ئەم پرۆسەیە دەزانین. بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی "خۆشحاڵین کە دوای ماوەیێکی دوورودرێژ کە خەڵکی کوردستانیش تەحەمولی ئێمەی کرد، ئەمڕۆ گەیشتینە ئەوەی نەخشەڕێگەی دامەزراندنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی بە ئەنجام بگات. گفتوگۆکان ئاسان نەبوون، سەخت بوون، بەڵام پێشتریش گوتوومە دیموکراسییەت زەحمەتە، ئەوەی گرنگە بە دانوستاندن لەگەڵ برایانی یەکێتی وگۆڕانیش رێککەوتین و گەیشتینە ئەنجامێکی باش".
ئەمڕۆ شاندێکی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی بەجیا لەگەڵ شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتیی عومەر سەید عەلی و شاندی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی کۆسرەت ڕەسوول کۆ بووەوە.
دوای کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت ڕەسوول رێککەوتنی نێوان هەردوو حیزبیان واژۆ کرد. ئەوەش لەکاتێکدا پێشتر پارتی و گۆڕان رێککەوتنی نێوانیان واژۆ کردبوو.
Your Comment