کوردپرێس:
ستار چەمەنی گوڵ، دەرهێنەری کورد و خاوەنی فیلمی "گوڵنسا (Golnesa)" هەوڵی زۆری دا بەرهەمەکەی کە ڕەنگوبۆنی کەلتووری کوردیی پێوەیە لە نێوخۆی وڵات بە مۆڵەتی فەرمی بڵاو بکاتەوە بەڵام دایرەی ڕۆشنبیری ئەو مۆڵەتەی بۆ دەرنەکرد و پاساوەکەش ئەوەیە کە چەمەنگوڵی بڕوانامەی فەرمیی "دەرهێنانی فیلم"ی وەرنەگرتووە. ئەوەش لە کاتێکدایە تا ئێستا چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتیی لە بواری فیلمدا مسۆگەر کردووە.
نوێترین سەرکەوتنی تۆمارکراو بۆ "گوڵنسا" لە بیرمەنگامی بەریتانیاوە بوو. فیلمەکەی سەتار چەمەنگوڵی ڕۆژی 28ی نیسانی 2019 لە خولی یازدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمە سەربەخۆکان لە بیرمەنگامی بەریتانیا لە بواری کامێرەدا خەڵاتی باشترین وێنەتۆمارکردنی مسۆگەر کرد و خەڵاتی ئەڵماس (Diamond)ی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە ستار چەمەنگوڵی و ڤیدا ساڵحی و هەروەهاش خەڵاتی باشترین کامێرە بەخشرا بە محەمەد فەکووری کە ئەرکی تۆمارکردنی فیلمەکەی وەئەستۆ بووە.
دەقی فیلمنامەکەی فیلمی گوڵنسا بەرهەمی "ڤیدا ساڵحی"یە. ئەرکی کامێرای فیلمەکە لە سەر شانی "محەمەد فەکووری" بووە و ئەکتەرەکانی ئەو فیلمەش بریتین لە: سەعید داخ، عەلیمحەمەد ڕادمەنش، یەگانە ڕەجەبی، ساقی زینەتی، مەسعوود محەمەدی و ڤیدا عەموویی.
ڕێوڕەسمی کۆتایی فستیڤاڵەکە ڕۆژی 8ی گوڵان بەرانبەر بە 28ی نیسانی 2019 بە بەشداریی بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییە فەرهەنگییەکان و سینەماکارانی بەریتانیا لە هۆڵی کریسەنت (Crescent Theatre) بەڕێوە چوو. هەموو ساڵێک لەو فستیڤاڵەدا نزیکەی 250 فیلم بۆ لیژنەی بڕیاردانی BIAFF بەرز دەکرێتەوە و لە ئەنجامدا براوەکان خەڵات دەکرێن.
Your Comment