کوردپرێس:
لەم ڕۆژانەی دواییدا کە ناڕەزاییەکان لە وڵاتی ڤێنەزوئێلا پەرەی سەندووە ئەمریکا پشتگیریی خوان گوایدۆی کردووە کە سەرۆکایەتیی ناڕازییەکانی ئەو وڵاتە دەکات و تەنانەت ژمارەیێک لە بەرپرسانی واشەنتن باسی بژاردەی سەربازیشیان دژی دەوڵەتی مادۆرۆ کردووە.
دەنیێل دەیڤیس فەرمانبەرێکی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا و توێژەری سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەیە و لە یادداشتێکدا لەبارەی پشتگیری کردنی ئەمریکا لە ناڕازییانی ڤێنەزۆئێلا و ئەگەری جووڵاندنی هێز لەلایەن ئەمریکاوە هۆشداری داوە.
دەیڤیس بەشداریی چوار شەڕی لە عێراق و ئەفغانستان کردووە و لە یادداشتەکەیدا کە ماڵپەڕی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاوی کردۆتەوە هۆشداری داوە کە ئەنجامی هەموو تەداخول کردنەکانی ئەمریکا ئەوە بووە باجی قورسی بەسەردا شکاوەتەوە.
ناوبراو بڕوای وایە دەوڵەتەکانی ڕابردووی ئەمریکا هاوڵاتییانی وڵاتانی جۆربەجۆری هان دا کە دژی سیستەمی حکومڕانیی وڵاتەکەیان هەستنەوە بەڵام لە کاتی ناڕەزایی دەربڕینەکاندا دەستی لەو هاووڵاتییانە بەر دا.
ناوبراو ئاماژە بە پشتگیرییەکانی ئەمریکا لە کورد و شیعەی عێراق بۆ هەستانەوە دژی سەدام حوسێن دەکات کە لە سەردەمی دەسەڵاتی جۆرج بووشدا ڕووی دا و دەڵێت: ئەمریکا پاش گەردەلوولی سەحرا لە ساڵی 1991دا کورد و شیعەی هان دا دژی سەدام ڕاپەڕن بەڵام لەکاتی ڕاپەڕینەکەدا دەستی لەو هاووڵاتییانەی عێراق بەر دا و سەدام کەوتە کوشتن و بڕینی کورد و شیعەکانی ئەو وڵاتە.
ئەو ئەفسەرە خانەنشینکراوەی سوپای ئەمریکا لە کاتی دەسەڵاتی جۆرج بووشدا لە باشووری عێراق بووە و دەڵێت کورد و شیعە چاوەڕوانی ئەوەیان دەکرد کە بووش بۆ پشتگیری کردنیان هێز بنێرێتە عێراق بەڵام بەهەڵەدا چووبوون و جۆرج بووش پشتی لێکردن.
ناوبراو دووپاتی کردەوە ئەمریکا لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە تەداخولی سەربازیی کردووە قازانجی لێ نەکردووە و نابێت ئەو هەڵەیە لە بارەی ڤەنەزۆئێلاشەوە دووپات بکاتەوە.
Your Comment