کوردپرێس:
فایەق ئوزتراک وتەبێژی پارتی کۆماریخوازی گەلانی تورکیا لە پرێس کونفڕانسێکدا تانەی لە دەوڵەتی تورکیا دا لە بەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات گفتوگۆ دەکات و ئیدعای کرد ئەو دانووستانە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەردەوامە.
ئوزتراک گوتیشی: "بریکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا سڕی ئەو گفتوگۆ نهێنییەی هەڵماڵی و دەوڵەتی تورکیا دانووستانەکە دەشارێتەوە. کێ لەم دانووستانەدا بەشدارە؟ مەبەستیان چییە؟ دەوڵەت بۆچی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە تا دوێنێ هاووڵاتییانی ئێمەیان دەکوشت؟"
وتەبێژی جەهەپە تانەی لە خەمساردیی دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر بە قەیرانی دارایی لەو وڵاتە گرت و زیادیشی کرد: "دیار نییە گفتوگۆی نێوان دەوڵەت و هێزەکانی PKK/YPG لە چ کەیەوە دەستی پێکردووە. دەوڵەت تۆمەتی سیاسی لە حیزبەکان دەدات بەڵام خەمی کێشە ئابوورییەکانی هاووڵاتییان ناخوات و گفتوگۆی ژێربەژێر لەگەڵ پەکەکە و یەپەگە دەکات."
لێدوانەکەی وتەبێژی جەهەپە لەبارەی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لەکاتێکدایە ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە مانگی ڕابردوو بەڕێوە چوو لە کوردەکان نزیک بووبوویەوە و لەگەڵ پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا هاوپەیمانێتیی پێکهێنابوو و هەر بە هۆی ئەو هاوپەیمانێتییەشەوە سەرکەوتنی باشی بەتایبەت لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ بە دەست هێنا. ئەوەش لە حاڵێکدایە هەدەپە بەردەوام وەکوو حیزبێکی کوردی ناسراوە و لەلایەن ئاکپارتی و دەوڵەتەوە بەردەوام تۆمەتی ئەوەی خراوەتە پاڵ کە پشتگیریی لایەنەکانی سەر بە تیرۆر دەکات و مەبەستی دەوڵەت لەو لایەنانەش پەکەکە و یەپەگەیە.
Your Comment