بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی سێشەمە 30ی نیسانی 2019 لە سەر ئەرکی توێژینگەی کوردستانناسیی زانکۆی کوردستان و بە بەشداریی بەرفراوانی پسپۆڕان و توێژەرانی و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ سمیناری حەکایەتناسیی بەراوردی لە کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کوردستان بەڕێوە چوو.
میوانی تایبەتی سمینارەکە پڕۆفیسۆر ئۆلریش مارتسۆلۆفی ئەڵمانی بوو و لە بەشی یەکەمی ئەو سمینارەدا وتارێکی لەبارەی مێژووی لێکۆڵینەوەکان لەسەر حەکایەتە کۆنەکان بۆ بەردەنگان باس کرد.
پڕۆفیسۆر ئۆلریش مارتسۆلۆف خوێندنەوەیێکی مێژووناسانەی بۆ ئەو توێژینەوانە کرد کە لە بواری حەکایەتە کۆنەکاندا ئەنجام دراون. کورتەی وتارەکەی بەڕێز مارتسۆلۆڤ بەم شێوەیە بوو.
یەکەم کەس کە مکووڕ بوو لەسەر دامەزرادنی حەکەیەتناسیی بەراوردی جۆن هێردێر بوو.
ژەیکووب و ویلهێلم گریم دوو برای ئەڵمانیی حەکایەتناس یەکەم قامووسی زمانیان نووسی و به زمانی ئەڵمانی کتێبی حەکایەت بۆ منداڵانیان نووسی کە بۆ حەکایەتناسی زۆر گرینگ بوو.
تیۆدۆر بێنفەی هێندستانناس بووه و لەسەر پانچاتانچا کاری کردووه که هەمان "کلیله و دمنە"یە و بەو ئەنجامه گەیشت کە هەموو حکایەته کۆنەکان سەرچاوەکەی له هێندستانەوە سەری هەڵداوه بەڵم پاشتر دەرکەوت ئەو تیۆرییە ڕاست نییە بەڵکوو دەتوانین بڵێین بەشێکی زۆری حەکایەتەکان له هێندەوە بووه.
جولیووس و کاڕل کرۆن باوک و فەرزەندی فینلەندی بوون و لەسەر حەکایەتناسیی بەراوردی و ئەوەی کە سەرچاوەی حکایەته فینلێندییەکان له کوێوەیه بەدواداچوونیان کرد.
ئانتی ئارنه پاشتر لیستێکی حکایەته کۆنەکانی کۆ کردەوه بەو حوکمەی دەستی به ئەرشیڤی حکایەتە فینلەندییەکان دەگەیشت. ئامانجی ئارنه ئەوە بوو گڕان بەدوای حکایەتەکاندا ئاسان بکاتەوە.
ستیس تۆمپسۆن مامۆستای زانکۆکانی ئەمریکا کتێبەکەی ئارنەی وەرگێڕایە سەر زمانی ئینگلیزی و ئەوەش درەچەیێک بوو بۆ ئاوەڵاکرانی حەکایەتناسیی جیهان.
ئەلبێرت وێسێلسکی ڕوانگەکەی فینلاندیی گۆڕی و گوتی تەنیا گێڕانەوە زارەکییەکان دەمێننەوە و نووسراوەکانیش قەرزداری زارەکییەکانن. وا دەردەکەوێت وتەکەی وێسێلسکی ڕاست دەرچووه و ئێستش نووسراوەکان بە پێی زارەکییەکان بوونیان هەیە.
لەبەر ڕۆشناییی ئەوەی سەرهەڵدانی زۆر حکایەتی جیهان له ڕۆژهەڵاتەوە بووە پرسیار ئەمەیە کە پێگەی حکایەته کوردییەکان له عالەمی حیکایەتدا چیه. تا ئەم بەشەی وتەکانی بەڕێز پڕۆفیسۆر ئۆلریش مارتسۆلۆف پێشەکی بوو بۆ باس کردن لە سەر مێژووی حەکایەتە کۆنەکانی کوردەواری بەڵام بەداخەوە پرسیارەکه بێ وەڵام مایەوه و جەنابی پڕۆفیسۆریش کۆتاییی بە وتارەکەی هێنا و داوای لێبوردنی لە ئامادەبووان کرد لەبەر ئەوەی خۆی ڕایگەیاند کە کاری لە سەر حەکایەتە کوردییەکان نەکردووە لەبەر ئەوەی زمانی کوردی نازانێت.
دیارە ئاسانکاری کردن بۆ هێنانی کەسێکی وەکوو بەڕێز ئۆلریش مارتسۆلۆفی ئەڵمانی بۆ کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنی بوو و دەتوانێت ببێتە دەستپێک بۆ سەرهەڵدانی هەڵمەتێکی زانستی لەپێناو کۆکردنەوە و داڕشتنی خشتەی حەکایەتە کۆنەکان و توێژینەوەی زانستی بە پێی میتۆدۆلۆژییێکی تۆکمەی ئاکادیمییانە و سەردەمییانە. ئەوەش لە کاتێکدا هەڵمەتی کۆکردنەوەی حەکایەتە کوردییەکان لە لایەن توێژینگەی کوردستانناسییەوە دەستی پێکردووە و هێمایێکی گەش بۆ داهاتووی توێژینەوەکان لەو بارەیەوە دەخاتە بەردەست.
Your Comment