دەرکردنی ڤیزەی ئەلەکترۆنیی ئێران بۆ هاووڵاتییانی هەرێم دەستی پێکرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر سەردانی قەزای سۆرانی کرد و بە فەرمی دەرکردنی ڤیزەی ئەلەکترۆنی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند و یەکەم ڤیزەی ئەلەکترۆنی بە هاووڵاتییێکی شارەکە درا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەمڕۆ چوارشەمە 1ی ئایاری 2019 مورتەزا عەبادی سەرکونسووڵی ئێران لە هەولێر بە سەردانێک دایرەی گواستنەوە و گەیاندنی لە قەزای سۆران بەسەرکردەوە و لە سەردانەکەیدا بە فەرمی ڕایگەیاند لە ئەمڕۆوە ڤیزەی ئەلکترۆنی بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

بە پێی وتەکانی عەبادی هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ئێران پێویست ناکات خۆیان سەردانی کونسوڵخانە یان لایەنە پێوەندیدارەکان بکەن. ئەو هاووڵاتییانەی داوای ڤیزەی ئێران دەکەن بە ئەنتەرنێت سەردانی ماڵپەڕی دایرەی گواستنەوە و گەیاندن بکەن و پاش تۆمارکردنی داواکارییەکەیان چاوەڕێ بکەن ڤیزەی ئەلکترۆنی بە زووترین کات بگاتە دەستیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە 43 ناوەندی گواستنەوە و گەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئەرکی دەرکردن و تەسلیم کردنی ڤیزەی ئەلکترۆنیی ئێران بۆ هاووڵاتییان ئەنجام دەدەن و لە ڕێگای هێڵی ئەنتەرنێتەوە بە کونسووڵخانەی ئێرانەوە لکاون.

هەر بە پێی ڕێککەوتنی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق ڤیزەی هاووڵاتییانی عێراقی بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بێ بەرامبەر دەبێت و پەساپۆرتی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمیش مۆری ئێرانی لە سەر نادرێت بەڵکوو ڤیزە ئەلەکترۆنییەکە لە کاغەزێکی جیادا دەردەکرێت و لە کاتی سەردانی ئێراندا هاووڵاتییان دەبێت لە سەر سنوور ئەو کاغەزە ئەلکترۆنییەیان لەگەڵ بێت و لە کاتی هاتنەژوورەوە بۆ ئێران تەسلیمی بکەن.

شایانی باسە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراق لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە ئێران ڤیزەی بێ بەرانبەر بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەردەکات و لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردووشەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی کرد پارەی ڤیزە لە هاووڵاتییانی ئێران وەرنەگیرێت کە پێشتر 25 هەزار دینار بوو.

دەرکردنی ڤیزەی ئەلکترۆنی خزمەتێکە کە کونسووڵخانەی ئێران لە هەولێر بە مەبەستی ئاسانکاری کردن بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی دایرەی گەیاندن لە هەولێر دەستی پێکردووە و هەنگاوێکی ئیجابییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە بواری گەشتیاری و چالاکیی ئابووری؛ ئەوەش پاش سەردانەکانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تاران پێشکەوتنی زۆری بە خۆوە بینیوە.

News Code 53433

Your Comment

You are replying to: .
captcha