کوردپرێس:
فوئاد حسێن وه‌زیرى داراییی عێراق له ڕاگه‌یه‌نراوێکدا که بڵاوی کردووه‌ته‌وه ڕایگه‌یاندووه له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر چه‌ندین پرس ڕێککه‌وتوون و به‌پێی ڕێککه‌وتنه‌که‌شیان له ماوه‌ى شه‌ش مانگدا حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌موو ڕێوشوێنه یاسایییه‌کان ده‌گرێته‌به‌ر بۆ جێبه‌جێ كردنی کۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌كان و یه‌كخستنی هه‌موو ڕێكاره‌کان .
وه‌زیرى داراییى عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه: وه‌زاره‌تی پلاندانانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان ڕێوشوێنه‌كانی پۆلێن كردنی به‌ڵێنده‌ران له ماوه‌ی 60 ڕۆژدا یه‌كده‌خه‌ن و لیژنه‌ی هاوبه‌شیش له نێوان هه‌ر دوو حكوومه‌تدا پێکهێندراوه بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر میكانیزمی پشكنینی كاڵای هاورده‌كراو له ماوه‌ی 60 ڕۆژ بۆ پاراستنی ته‌ندروستی هاووڵاتییان و ژینگه.
فوئاد حسێن ڕاشیگه‌یاندووه: كۆبوونهوهیێكی هاوبه‌ش له نێوان هه‌ر دوو ده‌سته‌ی باج له هه‌رێم و به‌غدا ده‌کرێت له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا بۆ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رنامه‌یێكی هاوبه‌ش و ژوورێكی هاوبه‌شیش بۆ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌تی له‌ناكاوى بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تا و نه‌خۆشیی درم له كه‌رتی كشتوكاڵی و ئاژه‌ڵداریدا پێکده‌هێنرێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment