کوردپرێس:
مەحموود حەمەساڵح، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ھەوڵ دەدرێت بۆ ھێنانەوەی ئەو ئەندامانەی کە لە کۆمەڵ جیابوونەوە و ئەوانە برای خۆمانن و گرفتمان لەگەڵیان نییە، ئەوەشی پەیوەندی بە قۆرخکارییەوە هەیە کە باس دەکرێت و بووەتە خاڵی ناکۆکیی نێوانمان، دەبێت ئەو چەمکە روون ببێتەوە، چونکە قۆرخکاری لە حزبێک دەکرێت کە پارەی ھەبێت، بەڵام کۆمەڵ پارەی نییە".
سەرکردەکەی کۆمەڵ ئەگەری درووستکردنی حزبێکی دیکەی لەلایەن ئەوانە نەشاردەوە کە وازیان لە کۆمەڵ هێناوە و گوتی: ”برادەرانی دەست لەکار کێشراوە ئەوەیان باس کردووە کە یەکێک لە ئەگەرەکانی بەردەمیان، دروستکردنی رێکخراوێکی سیاسییە، ئەگەر حزبی سیاسی دروست بکەن، گرفتمان نابێت لەگەڵیان، بەڵام دەبێت مۆڵەت لە حکوومەت وەربگرن، ھەم لە کوردستان و لەبەغداش و لەرووی سیاسییەوە گرفتمان بۆ دروست نەکەن".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: ”لەوە دەچێت حزبی نوێ دروست بکەن، بەڵام ئەستەمە لەم کاتەدا ئەوە روو بدات، چونکە توانای ماددی و مەعنەو و جەماوەری دەوێت، بەڵام ئەگەرێکی کراوەیە".
لەبارەی بوونی ناڕەزایی لەنێو ڕێکخستنەکانی سلێمانیی کۆمەڵ، مەحموود حەمەساڵح بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند: ”لە سلێمانیش ھەندێک ھەبوون ناڕەزایەتییان هەبوو، لە ڕێگەی ئەوانەوە ئەو کارە ئەنجام دراوە کە ئەوەی بینیمان رووی دا، ھەشبوو لە رقی ئەوان وازیان ھێنا“. بەڵام وردەکاریی زیاتری لەبارەی ناڕەزایەتییەکانی سلێمانی ئاشکرا نەکرد.
لە هەفتەی ڕابردووەوە، پۆل پۆل سەرکردە و بەرپرس و کادیرانی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە ڕقی قۆرخکردنی حزبەکەیان لەلایەن گرووپێکی دەوروبەری عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، دەست لەکار کێشانەوە پێشکەش دەکەن.
Your Comment