مەسەلەی کوردی سووریا ڕەنگدانەوەی تایبەت لە میدیا عالەمییەکان بە خۆوە دەبینێت

بەشی جیهان- زۆرینەی میدیا و ناوەندکانی هەواڵ لە جیهان بەشێکی هەواڵەکانی ڕۆژانەیان بە ڕووماڵکردنی مەسەلەی کوردی سووریاوە تەرخان دەکەن.

کوردپرێس:

کوردی سووریا لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتنی مەزنی بە سەر داعشدا تۆمار کردووە و لە هەموو عالەمدا پشتگیریی فراوانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و ئێستاش کە سیستەمێکی ئیدارەکردنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆیی لە باکووری سووریا دامەزراندووە و ئەو سیستەمەش پێچەوانەی سیستەمی ناوەندە سەرنجی میدیا پێشەنگەکانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە و ڕۆژانە هەواڵی کوردی سووریا دەبێتە ڕۆژەڤی میدیاکانی عالەم.

زۆر میدیای پێشکەوتووی ڕۆژئاوا وەکوو واشەنتن پۆست و وۆڵ ستریت ژوورناڵ و نیۆیۆرک تایمز و فۆرن پۆڵسی و تایم و ڕۆیتەرز و ئاسۆشیتدپرێس و هەواڵدەریی فەڕەنسا و زۆر میدیای بەناوبانگی ڕۆژئاوا ڕووداوەکانی باکووری سووریا و ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی ئەو وڵاتە ڕووماڵ دەکەن.

میدیاکانی ڕۆژئاوا پاش ئاوڕدانەوە لە ڕەهەندی سەربازی و سیاسیی کوردی سووریا لە شەڕی دژبەداعش ئێستا سەرنجیان خستۆتە سەر ڕەهەندی ئابووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەی خۆسەری کوردەکانی سووریا.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژوورناڵ لە ڕاپۆرتێکدا مەسەلەی خوێندنی باڵای لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا خستۆتە بەر باس.

ئەو ڕۆژنامەیە ڕاپۆرتێکی لە سەر زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ ئامادە کردووە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بە دۆخی خوێندنی باڵا لە یەک لە سەر چواری خاکی سووریا کردووە کە ئێستا بە دەست کوردەکانەوەیە.

وۆڵ ستریت ژوورناڵ دەڵێت زانکۆکان دەوری تایبەت لە بونیاتنانی ئایندەی وڵاتاندا دەبینن و ئێستاش کورد پاش ئەوەی لە شەڕی توندڕەوترین گرووپی تیرۆریستی بووەتەوە دەیهەوێت خۆی بگەیێنێت بە قافڵەی زانیاری لە جیهان و هەر ئەوەش بۆتە هۆکار بۆ ئەوەی سەرنج بخەنە سەر ئەو ڕاپۆرتە.

150 مامۆستا لە زانکۆی ڕۆژئاوا دەوام دەکەن کە بە پێی زانیاریی وۆڵ ستریت ژوورناڵ تەنیا دوو کەسیان خەڵکی ناوچەکەن. خوێندکارانی ئاوارەی کانتۆنی کوردنشینی عەفرین کە ساڵی 2018 لە لایەن تورکیاوە داگیر کرا خوێندکاری ئەو زانکۆیەن.

وۆڵ ستریت ژوورناڵ لە زاری خوێندکارانی زانکۆی ڕۆژئاواوە نووسیویەتی زانکۆکە زیاترین سەرنجی بۆ بەشی کشتوکاڵ گوازتووەتەوە هۆکارەکەش ئەوەیە کە ئەو ناوچەیە خاکێکی بەپیتی بۆ بەرهەمهێنانی بەروبوومەکان هەیە.

میدیاکانی ڕۆژئاوا لەو بڕوایەدان کە تەرکیزکردنی کوردی سووریا لە سەر خوێندنی باڵا کارتێکەریی ئیجابیی دەبێت لە سەقامگیریی دۆزی کورد و جێ پێی کوردەکانی باکووری سووریا بۆ دەروگێڕان لە داهاتووی سیاسیی سووریا خۆشتر دەکات. ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژوورناڵ لەو بارەیەوە نووسیویەتی: کورد خەباتی زۆری کردووە و لە پێناو پاراستنی ناوچەی ژێردەسەڵاتی خۆی داکۆکیی جیدی دەکات و هیوای زۆریشی بە زانکۆی قامیشلۆ بەستووە و ئەو زانکۆیە بۆتە خاڵی گرینگی هیوابەخش بۆ کوردەکانی باکووری سووریا و بە هیوان نەوەی داهاتووی کورد لەو زانکۆیەوە پێبگات و هەوڵی پێشخستنی کوردی سووریا لە باری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەوە بدات.

هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی وۆڵ ستریت ژوورناڵ خستەی بەرنامەکانی ئەو زانکۆیە لە زانکۆکانی ناوچەکەوە وەرگیراوە کە گرینگترینیان بریتین لە زانکۆی قاهیرە و زانکۆی بەیرووت و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

هەر بە پێی میدیاکانی ڕۆژئاوا ئامانجی زانکۆکانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا ئەوەیە برەو بە زمانی کوردی بدرێت و ئەو زمانە لە مەترسیی لەناوچوون ڕزگار بکەن. هەر بەو پێیەش کۆلیژی زمان و ئەدەب و وانە وتنەوە لە بەشی کوردی یەک لە بەشە هەرە گرینگەکانی زانکۆی ڕۆژئاوایە.

هەڵبەت دیارە کۆمەڵێک ڕەخنە لە شێوازی ئیدارەکردنی زانکۆکەش گیراوە بۆ نموونە ڕخنەی سەرەکی ئەوەیە کە لە ئیدارەدانی زانکۆکەدا بەشداری بە کەمینەکان ناکرێت و هەر ساڵی پاریش لەبارەی شێوەی دابەشکردن و هەڵبژاردنی خشتەی وانەکان و دەقی ڕاهێنانەکان لەو زانکۆیەدا ناڕەزایی دەربڕدرا.

ئەگەرچی فەراهەم کردنی زانکۆ بۆ خوێندنی کوردی سووریا زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە بەڵام پشتبەستنی کورد بە ئەمریکا و لە لایێکی دیکەشەوە هەڕەشەکانی تورکیا دژی کوردی سووریا و ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا وای کردووە بوونی ڕۆژئاوا بە گشتی بکەوێتە مەترسییەوە بۆیە میدیاکانی ڕۆژئاوا لەو قەناعەتەدان پاراستنی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا و مانەوەی دەسەڵات بۆ کورد بە گرینگتر دەزانن لەوەی خوێندنی باڵا لە زانکۆ پەرەپێبدەن.

بەگشتی کوردی سووریا ئێستا ئینتیمای زۆری بۆ دەوڵەمەندکردنی پێوەندییەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا پیشان داوە و زۆرینەی میدیاکانیش ڕەهەندە نەرێنییەکانی ئەو ئیدارەیە نادیدە دەگرن و سەرنج دەخەنە سەر ڕێزگرتنی کورد لە مافی ژنان مافی کریستیانەکان و ئەو جۆرە بابەتانە.

News Code 53359

Your Comment

You are replying to: .
captcha