پڕۆژه‌یاسای پێدانی غه‌رامه‌ به ئێزدییه‌کانی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی عێراق کرا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژه‌یاسای پێدانی غه‌رامه‌ به‌ ئێزدییه‌ ڕزگاربووه‌کانی ده‌ست داعشی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ کرد بۆ ئه‌وه‌ی بخرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و په‌سه‌ند بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پڕۆژه‌یاسای قه‌ره‌بووی خه‌سار و پێدانی غه‌رامه‌ به‌ کورده‌ ئێزدییه‌کانی ڕزگاربووی ده‌ست داعش که‌ 15 ماده‌ له‌خۆ ده‌گرێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ندکردن ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ کرا.

ئه‌م پڕۆژه‌یاسایه‌ ته‌نها ژنانی کوردی ئێزدی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش ده‌گرێته‌وه‌ به‌ڵام کورده‌ ئێزدییه‌کان ناڕه‌زایه‌تییان به‌و بابه‌ته‌ ده‌ربڕیوه‌ و ته‌ئکید ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ده‌بێ پڕۆژه‌یاساکه‌ منداڵان و پیاوانی ئێزدیی دیلی داعشیش بگرێته‌وه‌ که‌ دواتر ئازاد کراون و به‌وانیش غه‌رامه‌ بدرێت.

هه‌ر له‌و باره‌وه‌ نووفل مووسا وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌ڤانیدا ڕای‌گه‌یاند: "وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران به‌ بڕی دوو ملیۆن دینار هاوكاریی ژنانی ئێزدی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش ده‌كات و سه‌ره‌تاش ئه‌و هاوكارییه‌ 100 ژنی ڕزگاربوو ده‌گرێته‌وه‌.

ناوبراو گوتیشی: "ئێزدییه‌كان خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئه‌م وڵاته‌ن و هه‌زاران ساڵه‌ له‌ بونیاتنانی شارستانییه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا هاوكار بوون. ئێستاش ئه‌وان هێمای ئاشته‌وایی و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه‌ژیانن له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق هه‌ر بۆیه‌ وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌ران پشتگیریی ته‌واوی داوا یاسایییه‌كانی ئێزدییه‌كان ده‌كات له‌ ڕووی دابین كردنی مافی ئایینی و ژیان."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53294

Your Comment

You are replying to: .
captcha