کوردپرێس:
ڕۆژی سێشه‌ممه 23ی نیسانی 2019 مه‌سروور بارزانی ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ویلیا‌م ڕۆبوک جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ھاوپه‌یمانیی جیهانیی دژی داعش کۆ بووه‌وه و باسیان له ڕه‌وشی ناوچه‌که و هه‌ڕه‌شه‌کانی تیرۆر کرد.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا که ستیڤ فه‌یگن كونسووڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر ئاماده بوو دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌کانی عێراق، هه‌رێمی کوردستان، ناوچه‌که و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزم گفتوگۆیان له‌سه‌ر کرا.
مه‌سروور بارزانی بۆچوونی خۆی له‌باره‌ی جموجۆڵی به‌رده‌وامیی داعش له هه‌ندێ ناوچه‌ی عێراق ڕوون کرده‌وه و جه‌ختی له بایه‌خی چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌وشی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کرده‌وه و گوتی: "پێویسته هه‌رچی زووتره زه‌مینه‌ی له‌بار بۆ ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و ناوچانه بڕه‌خسێندرێ."
ناوبراو باسی هاتنه‌ئارای که‌شێکی ئه‌رێنی له په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا کرد و گوتیشی: ئه‌م که‌شه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوه پێویسته‌کان به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌رکردنی ته‌واوی پرسه هه‌ڵواسراوه‌کان که کاریگه‌رییان به سه‌ر سه‌قامگیری ده‌بێت.
له به‌رامبه‌ردا جێگری نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ھاوپه‌یمانیی جیهانیی دژی داعش پشتگیریی وڵاته‌که‌ی بۆ هێزی پێشمه‌رگه و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هێزه په‌یوه‌ندیداره‌کان و هێزه‌کانی هاوپه‌یمانان دووباره کرده‌وه و ڕای‌گه‌یاند: "په‌ره‌پێدانی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییانه بۆ ڕێگری کردن له په‌ره‌سه‌ندنی جموجۆڵه‌کانی تیرۆریستان له عێراقدا پێویسته."
هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا گفتوگۆکانی نێوان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و قۆناغه‌کانی شه‌ڕی داعش له سووریا تاوتوێ کران.
ئه‌م هه‌واڵه له میدیاکانی هه‌رێمی کوردستان وه‌رگیراوه
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment