کوردپرێس:
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بە هۆكاری كۆنەبوونەوەی پەرلەمان بۆ خوێندنەوەی سێهەمی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند"لەبەر بەرژەوەندیی باڵای كوردستان و بۆ ئەوەی هەمو لایەنەكان هەست بكەن براوەن، پەرلەمانی كوردستان ئامادەیە كاتی زیاتر بداتە لایەنەكان، بەڵام زۆری پێناچێت و ئێستا هەموو لایەنەكان بەتایبەت لایەنە سەرەكییەكان كە براوەی یەكەم و دووهەم و سێهەمن بەرەو رێكەوتنی كۆتایی ئەچن".
هێمن هەورامی وتیشی"پەرلەمانی كوردستان پشتیوانیی پرۆسەی یەكڕیزی دەكات، ئەو لایەنانەی داواكارییان هەبووە، پێشنیارەكانیان لە پرۆژە یاسای هەمواری سەرۆكایەتیی هەرێم جێگەی كراوەتەوە و پرۆژەكە لای لیژنەی یاساییە".
هاوکات لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند"سایکۆلۆژیەتی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ پێشبینیی خەڵک بڕێک جیاوازیی هەیە، ئێمە وەکوو پارتی بێدەنگ بووین، چوونکە دوێنێ وەکوو جەنابی کاک نێچیرڤان سەرۆکوەزیرانی ئەمڕۆ و سەرۆکی هەرێمی سبەی وتی راستە ئێمە هەڵبژاردنمان کردووە، بەڵام دەرفەت بە هاوبەشەکانمان دەدەین بیر بکەنەوە، دواتر بگەنە بڕیارێکی هاوبەش".
سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی وتیشی"ئێمە هاوبەشی یەکدین، پارتی لەسەر ئەوە بێدەنگە، برادەرانی یەکێتیش هەمان بیرکردنەوەیان هەیە، ئەوانیش لەناو خۆیاندا بیر دەکەنەوە، بە دیدی بەندە لە 90%ـمان بڕیوە، بەربەستی گەورە لەبەر دەمماندا نەماوە، ئەوەی مابێت بەربەستی بچووکن، پێشم وایە لەم هەفتەیەدا دەگەینە رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی".
Your Comment