کوردپرێس:
سەرهەڵدانی شەڕ زەمینە بۆ بەرهەمهاتنی وێنە و فیلم و بە گشتی ئاسەواری هونەری دەڕەخسێنێت. سەرهەڵدانی داعشیش لە سووریا و عێراق بەتایبەتی پاش ئەوەی هێرشی دڕندانەیان کردە سەر کوردە ئێزدییەکانی عێراق و دەستیان خستە خوێنی کوردە ئێزدییەکان و ژنان و کچانی ئێزدییان بە دیل گرت بوو مووتیڤێکی هونەری بۆ بەرهەمهێنانی ئاسەوازی هونەری و فیلمی "کچانی ڕۆژ" بەرهەمی ئیڤۆ حۆسۆن دەرهێنەری فەڕەنسییە کە هەوڵی داوە وێنەی هێرشە دڕندانەکەی داعش بۆ سەر کوردە ئێزدییەکان تۆمار بکات.
گۆڤاری "سپکتاتۆر" لە بارەی ئەو فیلمەوە نووسیویەتی: "فیلمی کچانی هەتاو ساڵی ڕابردوو لە فستیڤاڵی فیلی کانی فەڕەنسا خوێندنەوەی باشی بۆ کرا بەڵام بەختی باش نەبوو و میدیا ئەمریکییەکان پێشوازییان لێ نەکرد و بە گشتی بە فیلمێکی لاوازی دادەنێن.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز نووسیویەتی فیلمی کچانی ڕۆژ فیلمێکی ئێجگار لاوازە و هیچ داهێنانێکی هونەریی تێدا نەکراوە.
ماڵپەڕی ڕۆجر ئەلبێرتیش نووسیویەتی فیلمی کچانی ڕۆژ فیلمێکی کلیشەیییە و کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان تێیدا پوختە نەکراون.
گۆڤاری سپکتاتۆری ئەمریکی ئەوەشی زیاد کردووە کە فیلمەکە هەڵە و لاوازیی گەورەی تێدایە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ لێنەزانیی دەرهێنەری فیلمەکە. بەڵام بەوەشەوە ئەو گۆڤارە داوای لە بەردەنگانی فیلم و سینەما کردووە یەک جار ئەو فیلمە ببینن.
هەر بە وتەی گۆڤارەکە هۆکارێکی گەورەی پێشوازی نەکران لەو فیلمە ئەوەیە عەقڵییەت و بیری چەپی تێدا زەق کراوەتەوە. بە بڕوای ئەو گۆڤارە ئەمریکییەکان لە بیرۆکەی چەپ وەڕەزن و ئەگەر کوردی سووریاش لە عەقڵییەتی چەپ نزیک نەبوونایە ئەمریکا پشتگیریی زیاتری دەکردن.
Your Comment