به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتی گه‌لان ئاماژه‌ی به هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی تورکیا و ستراتێژیی ئه‌و حیزبه له هه‌ڵبژاردن کرد و ڕای‌گه‌یاند: ستراتێژیی HDP له هه‌ڵبژاردنه‌کان سه‌ركه‌وت و سیاسه‌تمان له تورکیا گۆڕی. ئێمه به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتووین که خه‌بات بۆ دیموکراسی له تورکیا ته‌نها له ڕێگای پێکهێنانی لایه‌نی دیموکراتیکه‌وه مومکین ده‌بێت و له‌م پێناوه‌شدا سه‌رجه‌م لایه‌نه دیموکراتیکه‌کانی وڵات، کرێکاران و ژنانمان بانگهێشتی خه‌بات کرد. ستراتێژییه درێژخایه‌نه دیموکراتیکه‌که‌ی HDP داواکارییه‌کانی گه‌ل ده‌سته‌به‌ر ده‌کات. ڕێگایێک که ئێستا گرتوومانه‌ته‌به‌ر گرێدراوه به ڕێگاکه‌ی ڕابردوومان.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: گرینگ‌ترین هۆکاری کێشه سیاسییه‌کانی تورکیا جێبه‌جێ‌کردنی سیاسه‌تی گۆشه‌گیری بۆ سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی په‌که‌که له 5ی ئه‌یپڕێڵی 2015یه. له چوار ساڵی دوای ئه‌م ڕێکه‌وته ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسی له تورکیا ڕێکخرا و ئه‌م ڕێکخستنه بۆ به‌هێزکردنی سیاسه‌ته فاشیستییه‌کان به‌کار هێنرا. ڕۆژ له دوای ڕۆژ یاسا پێشێل ده‌که‌ن و تێکڕای پێکهاته دیموکراتیکه‌کانیان پاکتاو ده‌که‌ن و له‌م چه‌ند ساڵه‌دا هه‌وڵیان دا سیاسه‌تی دیموکرات له ناو وڵات بخنکێنن و له‌ناوی به‌رن و زیاترین زوڵمیش له حه‌قی HDP و خه‌ڵکی کورد کراوه. له چوار ساڵی ڕابردوودا HDP و خه‌ڵکی کورد خه‌باتێکی گه‌وره‌یان دژی گۆشه‌گیری ئه‌نجام دا چوونکه باوه‌ڕمان وایه ئه‌گه‌ر بڕیاره تورکیا له گۆشه‌گیری و سیاسه‌تی شه‌ڕخوازانه ده‌رباز بێت به بۆنه‌ی خه‌باتی به‌رده‌وامیی ئێمه‌وه مومکین ده‌بێت.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی یه‌نی یاشام
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment