وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ڕوانگەی حزبەکەی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە ئاشکرا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ڕوانگەی حزبەکەی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتەوە ئاشکرا دەکات و هەروەها باس لە هۆکاری بەشداری نەکردنی ئەم حزبە لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکات و سیاسەتی حزبەکەی لە چوار ساڵی داهاتوودا دەخاتە ڕوو.

کوردپرێس: هەفت مانگ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت کەچی هێشتا گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە هۆی ڕکابەریی نێوان حزبەکان لەسەر بەدەستەوە گرتنی پۆست نەگەیشتۆتە ئەنجام. پێچەوانەی خولەکانی پێشوو حزبە ئیسلامییەکان هیچ دەورێکیان لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت نەبینیوە. یەکگرتووی ئیسلامی لە بڕیارێکی پێشوەختەدا بە بۆنەی دووکوت بوونی دەنگەکانیەوە ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی لە چوار ساڵی داهاتوو ڕاگەیاند. ئەنجامی دەنگەکان بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیش ئەوندە لاواز بوو کە هیچ کام لە حزبە براوەکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ئاوڕی لەم حزبە نەداوە. لە نێوان حزبە ئیسلامییەکاندا تەنها کۆمەڵی ئیسلامی بوو کە توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت و بە 7 کورسی پلەی یەکەمی لەنێو حزبە ئیسلامییەکان بەدەست هێنا. کۆمەڵ کە لەم دواییەدا بەتایبەت پاش ڕیفراندۆمی 2017 و ڕووداوەکانی 16ی ئاکتەوبر حزبە دەسەڵاتدارەکان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کردە ئامانج و ڕەخنەی توندی لێگرتن، پاش دەستپێکی گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ ڕایگەیاند بۆ بەشداری کردن لە حکوومەت یا بە ئۆپۆزیسیۆن بوون بڕیار نادات و ئەو مەسەلەیە بەسراوە بە گۆڕانکارییەکان و ئەنجامی گفتوگۆکانەوە. خاڵی سەرنج ڕاکێش لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت ئەمەیە کە حزبی یەکەم و بەرپرسی پێکهێنانی کابینەی نوێ هیچ گفتوگۆیێکی لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی ئەنجام نەداوە. کوردپرێس لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبوار حەمد وتەبێژی فەرمیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان هەڵویست و تێڕوانینەکانی ئەم حزبە لەبارەی پڕۆسەی گفتوگۆکان و هۆکارەکانی گفتوگۆ نەکردن لەگەڵ ئەم حزبە و هەروەها سیاسەتەکانی کۆمەڵ لە چوار ساڵی داهاتوودا دەخاتەڕوو کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: کۆمەڵی ئیسلامی چۆن دەڕوانێتە پرسی پێکهێنانی حکوومەتدا؟

ڕێبوار حمەد: یەکەم، ئێمە پێمانوایە پرسی پێکهێنانی حکوومەت زۆر دوا کەوتووە ئەمەش کاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەبێت. دەبوو ئەو هەموو ماوەیە تێنەپەڕیایێت بە سەر پێکهێنانی حکوومەت. دووهەم ، ئێمە پێمانوایە گرینگتر لە پێکهێنانی حکوومەت ئەمەیە کە حکوومەت ببێتە حکوومەتی خزمەتگوزاری و حکوومەتی خەڵک و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و قۆناغەکانی پێشوو تێپەڕێنێت. سێهەم، لەبارەی بەشداری لە کابینەی نێودا ئێمە نە وتوومانە دەمانەوێت موشتەری پێکهێنانی حکوومەت بین نە ئەوەش کە بڕیاری پێشوەختەمان دابێت بۆ ئۆپۆزیسیۆن بوون ئێمە قەرارمان دا ئەم پرسە بە کراوەیی بهێڵینەوە و مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەکانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەین. وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی هەردوو ئەزموونەکەمان هەیە ئەزموونی ئۆپۆزیسیۆن بوون و هەروەها ئەزموونی بەشداری لە حکوومەت. لە هەرکوێ بین دەتوانین ڕۆڵی گەورەی خۆمان ببینین و خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین و نەشمانشاردۆتەوە کە ئێمە لە دەستپێکەوە بڕیارنەدانی بە ئۆپۆزیسیۆن بوونمان بۆ ئەمە بوو کە تێبگەین کە ئەم حکوومەتە دەتوانێت ببێتە حکوومەتی خەڵک و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئایا نەخشە و بەرنامەی سیاسی ئەو حکوومەتە چییە. واقەعیەتی سیاسی هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا تا ئێستاش ئەسەر و شوێنەواری لە پێکهێنانی حکوومەت هەیە. بۆ ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی گرینگ ئەوەیە کە ئێمە دەزانین لە هەر کوێ بین دەتوانین خزمەتگوزاریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەین.

کوردپرێس: پێتانوایە بۆچی پارتی لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکوومەت ڕووی لە کۆمەڵ نەکرد؟

ڕێبوار حمەد: بۆخۆی دەبێت ئەسڵی ئەو پرسیارە لە پارتی بکرێت، ئێمە هێزێکی سیاسین و ئیستیحقاقاتی خۆمانمان هەیە و هێزێکی سیاسی ئەم وڵاتەین کە دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانمان هەیە، ئێمە چەند دیدارێکمان لەگەڵ پارتی هەبووە کە سەردانی ئێمەیان کرد. تەبیعەتی نێو دیدارەکان زیاتر باس لە پێوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولا بووە بەڵام ئەوەی کە ئەوان وەکوو پێکهێنەری ئەساسیی حکوومەت بۆچی سەردانی کۆمەڵیان نەکردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ئەوە وەڵامەکەی لای پارتییە، بەس ئێمە بە نسبەتی خۆمان خاوەنی پرەنسیپی خۆمانین و دەست ئەگرین بە مەبادییە سیاسییەکانی خۆمانەوە چ لە حکوومەت بین چ لە دەرەوە وەکوو ئۆپۆزیسیۆن ئەوەمان سەلماندووە و بە ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک و جەماوەری کوردستان مامەڵە ئەکەین و هیچ کاتێکیش سازش لەسەر پرەنسیپە نەگۆڕەکانی خۆمان ناکەین.

کوردپرێس: لە ئێستادا پێکهێنانی حکوومەت چۆن دەبینن واتا ئەو ڕێککەوتنانەی لەنێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕان هەیە بۆ دابش کردنی پۆستەکان چۆن دەبینن؟

ڕێبوار حمەد: بۆ ئەم پرسە ئەبێت چاوەڕێی داهاتوو بین کە ئایا ئەم حکوومەتە دەبێتە حکوومەتێکی کارا و خزمەتگوزاری خەڵک، ئیتیفاقە سیاسییەکانیش شتێکی سروشتییە لەبەینی هێزە سیاسییەکاندا. ئەوەی کە بەلای ئێمەوە گرینگە ئەمەیە کە تەواوی ئەو ئیتیفاقانەی کە ئەکرێن لەبەینی دوو هێز یا سێ هێزدا چەقی ئیتیفاقەکان بەرژەوندیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت نەک مەسەلەی ئیحتیکاری سیاسی و دابەش کردنی پۆست. ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا گیرۆدەی بووە زیاتر ئیتیفاقی سیاسی بۆ دابەش کردنی پۆست و سروەت و سوڵتە بووە لە بەرژەوندیی حزبەکان و کەمتر چەقی ڕێککەوتنەکان خزمەتی خەڵک بووە. گرینگ ئەمەیە کە ڕێککەوتنەکان ئەمجارە ئەنجامی ئیجابییان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ببێت. بێ شک ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی هەمیشە موئەیدی ئەوین کە هێزە سیاسییەکان لە یەکتربگەن و تەفاهوم هەبێت لە شێوازی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە.

کوردپرێس: وتتان پرسی بەشداری کردن لە حکوومەت یان بە ئۆپۆزیسیۆن بوونتان بە کراوەیی هێشتووەتەوە، ئەگەر گفتوگۆتان لەگەڵ کرا مەرجە سەرەکییەکانتان بۆ بەشداری کردن چییە؟

ڕێبوار حمەد: لەبەر ئەوەی نەچووینەتە گفتوگۆی پێکهێنانی حکوومەت قسەمان لەسەر هیچ شتێک نەکردووە بەڵام ئێمە ڕۆیایێکی سیاسیمان هەیە بۆ شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و سیستەمی حوکمڕانییەکەی.

کوردپرێس: وەک ئەوەی ئاماژەتان پێدا لە ڕابردوودا ئۆپۆزیسیۆن بوونتان ئەزمووم کردووە لەگەڵ گۆڕان، ئێستا گۆڕان بڕیاری بەشداری کردن لە حکوومەتی داوە و باس لەوە دەکرێت کە کۆمەڵ بە تەنها ناتوانێت ببێتە ئۆپۆزیسیۆنێکی کارا وەڵامی ئێوە چییە؟

ڕێبوار حمەد: من پێموانییە کە وابێت ئێمە لە قۆناغی سیاسی جیاوازدا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و حزبەکانی دیکەش بۆ موشتەرەکاتی سیاسیمان لە سیستەمی حوکمڕانی کارمان کردووە. بەڵام کۆمەڵ هێزی سیاسی سەربەخۆیە دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت و ئەتوانێت تەفاهوماتی سیاسی نوێشی هەبێت. بە بڕوای من کۆمەڵ دەتوانێت کارگەریی خۆی هەبێت ئەگەر خۆشی بەتەنها بێت.

کوردپرێس: بە پێچەوانەی ڕابردوو لایەنە ئیسلامییەکان نەیانتوایوە هێزێکی یەکگرتوویان بۆ پرسی پێکهێنانی حکوومەت ببێت ئەم پرسە تا چەند پێوەندیی بە پەرتەوازەیی ماڵی ئسیلامییەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە ؟

ڕێبوار حمەد: بە بڕوای من زیاتر جیاوازیی هەڵویستە سیاسییەکان کاریگەریی لەسەر پێکەوەنەبوونی ئیسلامییەکان هەبووە ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی لە ڕابردوو و لە داهاتووشدا هەمیشە تێڕوانینی وازحمان هەبووە لەسەر کاری پێکەویی ئیسلامییەکان کە لە داهاتووشدا کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر مەبادییەکانی خۆی دەمێنێتەوە بۆ کاری ئیسلامی و کاری پێکەویی لە هەرێم.

کوردپرێس: ئێستا پێوەندییەکانتان لەگەڵ یەکێتی چۆنە کە بڕیاری بەشداری کردن لە حوومەتی داوە؟

ڕێبوار حمەد: پێوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی ئاسایین ئێمە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی پێشوودا بڕیاری ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانمان داوە لەگەڵ هێزە سیاسییەکان. جگە لەوەی کە ئێمە هەڵۆێستی سەربەخۆی خۆمان لە هەموو پرسەکان ئەپارێزین، بونیانی پێوەندییەکانمان لەسەر هیچ هێزێک ناکەینەوە بۆ ئەوەی کە هەڵوێستەکانمان بە دڵخوازی ئەوان بێت. هەڵوێستەکانی ئێمە دەرەنجامی تێگەیشتنی سیاسیی خۆمانە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش پێوەندییێکی تەندروستمان هەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەم ڕووەشەوە ئێمە هەم لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هەنگاومان ناوە هەم لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و هەموو دیدارەکانیشمان لەگەڵ ئەم دوو هێزە لەسەر پێکهێنانی پێوەندییێکی سیاسی تەندروست بووە، هەروەها ئێمە لە ڕابردوودا لەگەڵ دیکەی هێزەکاندا پێوەندییێکی سیاسی تەندروستمان هەبووە. جگە لە پاراستنی ڕابردوو و گەشەدان بەو پێوەندییانە لە داهاتووشدا هەوڵی گەشەسەندنی پێوەندییەکان دەدەین.

دیمانە: حەسەن ساڵحی/بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئاژانسی کوردپرێس

داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 53235

Your Comment

You are replying to: .
captcha