بەپێی هەواڵی کوردپرێس ولی اللە تەیمووری بریکاری سەرۆکی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی ئێران ڕایگەیاند: پێشتری گەشتیارانی ئێرانی زیاتر سەردانی تورکیایان دەکرد بەڵام ساڵی ڕابردوو عێراق پێش تورکیاش کەوت و نزیکەی 3 ملوێن ئێرانی لە ماوەی یەک ساڵدا شوێنە گەشتیارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان بەسەر کردۆتەوە ئەوەش لە کاتێکدایە بە ڕێژەیێکی کەمتر سەردانی تورکیایان کردووە. هەر ئەوەش دەیسەلمێنێت گەشتیارانی ئێرانی سەرنجی زیاتریان خستۆتە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان و سەردانی گەشتیارانی بۆ ئەو وڵاتە زیادی کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: ساڵی 1397 پاش عێراق و هەرێمی کوردستان، گەشتیارانی ئێران بە ڕێژەی فراوان سەردانی ئەو وڵاتانەیان کردووە: تورکیا و ئیمارات و ئازەربایجان و جۆرجیا و ئەڵمانیا و قەتەر و ئەرمەنستان و سعوودیە و چین.
بریکاری سەرۆکی ڕێکخراوی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی ئێران ئاماژەی بە ڕێژەی ئەو گەشتیارانەش کرد کە سەردانی ئێرانیان کردووە و ڕایگەیاند: ساڵی 1397 کۆی 7 ملوێن و 804 هەزار گەشتیار سەردانی ئێرانیان کردووە و ئەوەش لە کاتێکدایە ساڵی پێشووتر 5 ملوێن و 113 هەزار گەشتیار هاتوونەتە ئێران و بەپێی داتاکان کەرتی گەشتیاری لە ئێران بە ڕێژەی 52.62 لە سەد گەشەی کردووە.
کەرتی گەشتیاری لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش پاش نەمانی شەڕی داعش جووڵەی تێکەوتووە و مانگی ڕابردووش نێچیرڤان بارزانی جەختی کردووە سەر برەوپێدانی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان و ئێستا حکوومەت بەنیازە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کە گەشتیاری ببێتە سەرچاوەیێکی سەرەکیی داهات لە هەرێمی کوردستان.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانیش لە لێدوانێکدا بە باسنیوزی وتبوو، “بەپێی ستراتیجیەتی دەستەی گەشتوگوزار، كەرتی گەشتیاری دەكەینە یەكێك لە سەرچاوەكانی داهاتی هەرێم، ئەوەش لە رێگەی ئەنجامدانی كۆنفراس و سمینار لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە، بەڵام هەموو ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی وەك شەڕی داعش و قەیرانەكانیتر كە بەسەر ناوچەكەدا هاتوون، رێگر بوون لەوەی رێژەی گەشتیاری وەك پێویست بەرز بكرێتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد، “بەپێی پلانی ئێمە دەبوایە ئێستا ساڵانە 5 ملیۆن گەشتیارمان هەبوایە، بۆ ساڵی 2025 دەبێت ئەو رێژەیە بۆ 7 ملیۆن گەشتیار بەرز بكەینەوە و داهاتی كەرتی گەشتیاریش بۆ 2 ملیار دۆلار لەو كەرتە زیاد بكەین”.
Your Comment