ده‌رهێنه‌رێکی به‌ناوبانگی به‌ریتانیا: ئۆجه‌لان وه‌ک ماندێلا کلێلی ئاشتییه‌

به‌شی تورکیا- ده‌رهێنه‌رێکی به‌ناوبانگی به‌ریتانیا و براوه‌ی دوو خه‌ڵاتی خورمای زێڕین له‌ فێستیڤاڵی فیلمی که‌ن له‌ نامه‌یێکدا ئاماژه‌ به‌ گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی PKK ده‌کات و بۆ چاره‌کردنی ئاشتییانه‌ی پرسه‌کانی داهاتوو عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان وه‌ک نێلسۆن ماندێلا به‌ کلێلی ئاشتی وه‌سف ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کن لۆچ ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی به‌ریتانیا و براوه‌ی دوو خه‌ڵاتی خورمای زێڕین له‌ فێستیڤاڵی فیلمی که‌ن له‌ نامه‌یێکدا باس له‌ بابه‌تی گۆشه‌گیریی سه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی په‌که‌که‌ و چالاکیی مانگرتن له‌ خواردنی له‌یلا گوڤه‌ن و ژماره‌یێک له‌ چالاکوانانی سیاسی و مه‌ده‌نیی کورد له‌ زیندانه‌کانی تورکیا به‌ بۆنه‌ی ناڕه‌زایه‌تی‌ده‌ربڕین به‌و بابه‌ته‌ ده‌کات و ده‌نووسێت: ئێمه‌ له‌باره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ که‌ ده‌بێ مایه‌ی شه‌رمه‌زاریی وڵاتان بێت، پشتیوانی له‌ چالاکیی مانگرتنی زیاتر له‌ 7 هه‌زار زیندانیی کورد ده‌که‌ین که‌ ئه‌و چالاکییه‌یان به‌ بۆنه‌ی ده‌سته‌به‌ربوونی مافی سه‌ره‌تاییی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ڕێبه‌ری زیندانی‌کراوی PKK و دیداری ناوبراو له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ و پارێزه‌رانی ده‌ست پێکرد. مانگرتن له‌ خواردنی مرۆڤه‌کان بۆ ده‌سته‌به‌ربوونی مافی مرۆڤێکی دیکه‌ کارێکی بوێرانه‌، ڕیشه‌دار و یه‌کپارچه‌یه‌. چالاکیی مانگرتن له‌ خواردن بۆ تێکڕای ئه‌و وڵاتانه‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زارییه‌ که‌ هیچ هه‌ڵوێستێکیان به‌ مه‌به‌ستی کۆتایی‌هێنان به‌و زوڵمه‌ ده‌رنه‌بڕیوه‌ که‌ دژی ئۆجه‌لان ئه‌نجام ده‌درێت و یاسا و ڕێسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانیش پێشێل ده‌کات. له‌و جووڵه‌ سه‌ندیکایییانه‌ که‌ ده‌ستی پێده‌کرێت ده‌توانین به‌ ئاسانی گرنگیی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌رک بکه‌ین. عه‌قڵییه‌تی ئۆجه‌لان له‌ بواری دیموکراسیی مه‌ده‌نی، پلۆرالیزمی فه‌رهه‌نگی، مافی ژنان و گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ باکووری سووریا به‌تایبه‌ت ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ڕۆڵێکی زۆر گرنگی ده‌بێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئۆجه‌لان هه‌میشه‌ بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کوردی تورکیا په‌یامی ئاشتییانه‌ی خستۆته‌ڕوو. ناوه‌براو وه‌ک نێلسۆن ماندێلای باشووری ئه‌فریقا بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی پرسه‌کانی داهاتوو کلێلی سه‌ره‌کیی ئاشتییه‌. عه‌قڵییه‌تی سیاسیی ئۆجه‌لان هه‌رچی بێت نادیده‌گرتنی مافی سه‌ره‌تایی و بنه‌ماییی زیندانییێکی سیاسی هه‌رگیز قبووڵ ناکرێت. جارێکی‌تر ده‌بینین که‌ هه‌یکه‌لییه‌تی سیاسیمان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ و به‌رخۆدانی نێوده‌وڵه‌تی که‌وتۆته‌ سه‌ر شانی گه‌لی وڵاتان.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی یه‌نی یاشام

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53118

Your Comment

You are replying to: .
captcha