کوردپرێس:
کۆمپانیای دانەگاز رایگەیاندووە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم، بڕی 112 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو لە فرۆشتنی گازی سرووشتی و گازی شلکراو لە هەرێمی کوردستاندا.
دانەگاز رایگەیاندووە بەو پێیەی کە کۆمپانیاکە سەدا 39 ی پشکەکانی کۆنسێرتیۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆمی هەیە، پشکی کۆمپانیاکە لە فرۆشتنی گازی سروشتی و گازی شلکراو لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا یەکسانە بە 39 ملیۆن دۆلار.
دانەگاز ئاشکرای دەکات کە قەبارەی داهاتەکانی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرێژەی سەدا 117% بەرزتربووەتەوە، بەوپێیەی کە ساڵی رابردوو لە چارەکی یەکەم داهاتەکەیان تەنیا 18 ملیۆن دۆلار بووە.
پاتریک ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، " ئێمە دەستپێکێکی زۆر باشمان لە هەرێمی کوردستان هەبووە. ئەو پرۆژەیە کە لە مانگی 10ـی ساڵی 2018 جێبەجێمانکرد، ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بەرێژەی سەدا 30 لە هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە بۆ رۆژانە 400 ملیۆن پێی سێجا. کاریگەریی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان لە سەر داهاتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵ دەبینین".
لە مانگی 2ـی ئەمساڵدا کۆنسێرتۆمی پێرڵ پێترۆڵیۆم لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرێبەستێکی واژۆ کرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە بڕی 250 ملێۆن پێی سێجا لە رۆژێکدا. کۆنسێرتۆمەکە بەنیازە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی تاوەکوو ساڵی 2021 بۆ رۆژانە 650 ملیۆن پێی سیجا بەرزبکاتەوە.
Your Comment