وه‌زیری ناوخۆی ئێران ڕێژه‌ی خه‌ساری لافاو‌ی ئه‌مدواییه ئاشکرا ده‌کات

به‌شی ئێران/ کوردی- وه‌زیری ناوخۆی ئێران ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ لافاوی ئه‌مدواییه‌ی وڵات 25 پارێزگا و زیاتر له‌ چوار هه‌زار و 400 گوندی گرتۆته‌وه‌ که‌ ئاستی خه‌ساری لافاوه‌که‌ به‌‌ 30 تا 35 هه‌زار ملیار تمەن به‌راورد ده‌کرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 14ی نیسانی 2019/‌ 25ی خاکه‌لێوه‌ی 1398 دانیشتنی په‌رله‌مانی ئێران به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی ناوخۆ، وزه‌، کشتوکاڵ، ڕێگاوبان، سه‌رۆکی ڕێکخراوی که‌شناسی و سه‌رۆکی ڕێکخراوی فریاکه‌وتن به‌ڕێوه‌ چوو و لافاوی ئه‌مدواییه‌ی وڵات، ئاستی خه‌ساره‌کانی لافاو و چۆنێتیی یارمه‌تی‌گه‌یاندن به‌ زیانلێکه‌وتووانی ئه‌و ڕووداوه‌ خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ی په‌رله‌ماندا عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زلی ڕاپۆرتێکی له‌باره‌ی ڕێژه‌ی خه‌ساری لافاوه‌که‌ی ئه‌مدواییه‌ خسته‌ڕوو و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌م لافاوه‌ بێ‌وێنه‌ بوو و کێشه‌ی بۆ 25 پارێزگای وڵات دروست کرد له‌وان هه‌ستانه‌وه‌ی ئاو، ڕووخانی خانووکان، له‌ناوچوونی یه‌که‌ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌کان و له‌ناوچوونی پرد و ڕێگاکان.

ناوبراو گوتیشی: ئه‌م لافاوه‌ ده‌یتوانی خه‌سارێکی گیانیی زۆری لێبکه‌وێته‌وه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تادا داپه‌ڕێکی پێشگیرانه‌مان بۆ دابه‌زینی خه‌ساری گیانی ده‌ست پێکرد و حه‌شیمه‌تی زیاتر له‌ 250 گوند و به‌شێک له‌ شاره‌کانمان بۆ شوێنگه‌لێکی ئه‌من گواسته‌وه‌ و به‌و کاره‌شه‌وه‌ خه‌ساری گیانیمان که‌م کرده‌وه‌.

ڕه‌حمانی فه‌زلی ڕوونی کرده‌وه‌: به‌ بۆنه‌ی لافاوه‌وه‌ دێبی ڕووباری که‌رخه‌ له‌ هه‌زار مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌ بۆ 20 هه‌زار مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌، گورگان ڕوود له‌ 120 مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌ بۆ 800 مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌، مه‌عموولان له‌ 800 مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌ بۆ 2 هه‌زار و 500 مه‌تری سێجا له‌ هه‌ر چرکه‌ و پۆلدوخته‌ر له‌ 2 هه‌زار و 500 مه‌تری سێجا بۆ 5 هه‌زار مه‌تری سێجا له‌ چرکه‌ به‌رز بۆته‌وه‌.

ناوبراو له‌ کۆتاییدا هه‌ماهه‌نگیی نێوان داموده‌زگاکانی بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی ئه‌م ڕووداوه‌ به‌ باش وه‌سف کرد و گوتیشی: له‌ لافاوی ئه‌مساڵدا پێداویستییه‌کانی که‌رتی تایبه‌تیشمان بۆ یارمه‌تی‌گه‌یاندن به‌ زیانلێکه‌وتووانی لافاو به‌کار هێنا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53093

Your Comment

You are replying to: .
captcha