هەیکەلییەتی دەوڵەت لە پارێزگاکاندا ئیرادەی چاککردنی دۆخی چەقبەستووی ئابووریی تێدا نییە

بەشی ئێران- ئەگەرچی لەم ڕۆژانەدا بەهۆی لافاوە وێرانکەرەکەی ئێرانەوە ڕەنجی گرانی زۆر دەرناکەوێت بەڵام ئەو قەیرانە وەکوو خۆی ماوەتەوە و بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش لە ژێر پێستی پارێزگا بێبەشکراوەکانی ئێراندا پەرە دەستێنێت و سفرە هاووڵاتییان زیاتر لە پێشوو بەتاڵ دەبێت.

کوردپرێس:

ڕۆژی سێشەمە 20ی خاکەلێوە (10ی نیسان)سەنتەری ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی بڵاو کردەوە و بە پێی ئەو ئامارەش ڕێژەی گرانی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی 98دا لە چاوی ماوەی هاوشێوەی ساڵی 97 سەدا 47.5 زیادی کردووە. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە ڕێژەکە لە پارێزگا بێبەشکراوەکاندا ئاستی مامناوەندیشی تێپەڕاندووە و پارێزگای کوردستانیش ڕێژەی 58.3 لە سەدی تۆمار کردووە و لە سەرووی لیستەکەوە دەبینرێت. ئەمەش چوارەم مانگی لە سەریەکە پارێزگای کوردستان بە جیاوازیی 10 لە سەد دەکەوێتە ڕیزی گرانترین و قەیراناویترین پارێزگای ئێران لەباری ئابوورییەوە. لە ماوەی ئەو چوار مانگەشدا بەرپرسانی پارێزگاکە و ئێرانیش تەگبیرێکیان بۆ ئەو کێشەیە نەکردووە ئەوەش لە کاتێکدایە دەبوو دامودەزگای پێوەندیدار و بەتایبەت ڕێکخراوی پیشە و بازرگانی و ئێدارەی پارێزگاریی کوردستان هەوڵێکیان بۆ چارەکردنی کێشەکە بدابا. ئەوەش دەریدەخات کە بەڕێوەبەرانی پارێزگاکە لە هەیکەلییەتی دەوڵەت، ئیرادەی چارەکردنی کێشەکەیان تێدا نییە.

هەموو چینە جۆربەجۆرەکانی هاووڵاتییان بە دەست گرانییەوە دەناڵێنن. هۆکاری زۆرینەی ئەو گرانییە بێ وەستانەش هەمان بەرپرسانی پارێزگای کوردستان و خەمسارییان بەرانبەر بە گرفتەکانی هاووڵاتییانە. گرانییەکە تا ئەو ڕادەیە نامەعقوولە کە زۆرینەی هاووڵاتییان گەشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە ئەم گرانییە ئاسایی نییە بەڵکوو بە ئەنقەست و دەستکردە. ئەوەی لایەنی حکوومی دەیڵێت لەگەڵ ئەوەی ڕاستی و ئەرزی واقیعە زۆر جیاوازە. بازاڕەکان چاودێری ناکرێن. ژمارەیێک لە بەڕێوەبەری دەزگا حکوومییەکان دەڵێن ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ بۆشایی یاسایی و هەویری ئەو بۆشایییە یاسایییەش زۆر ئاوی زۆری دەوێت. جەماوەری کۆمەڵگا باش لەوە دەگەن کە بەرپرسانی حکوومی خۆڵ دەکەن چاوی هاووڵاتییانەوە. لەم هەیکەلییەتەی دەوڵەتدا پێش ئەوەی پڕۆژەیێکی ئابووری ئامادە بکرێت بیر لە چۆنییەتیی ڕانت و گەندەڵی کردنەکەی دەکرێتەوە. دەوڵەت بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرتایییەکانی هاووڵاتییان ئیرادەی تێدا نییە و بەوەشەوە بەداخەوە ئەو کاڵایەی دراوی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە ناگەڕێتەوە نێو وڵات. بەپێ ئیدعای نوێنەری مشکین شار لە پەرلەمانی ئێران، تەنیا 30 لە سەدی ئەو کاڵایەی دراوی دەوڵەتیی بە ڕێژەی 14 ملیار دۆلار بۆ تەرخان کرابوو گەڕاوەتەوە نێو وڵات. (ئاژانسی هەواڵی تەسنیم 25ی ڕەشەمەی 1397). بەڕێوەبەر و مودیرعامەکانیش ئەوەندە بیانوو و کێشە بۆ ئەو مەسەلەیە دەدۆزنەوە کە ڕانت و گەندەڵی دروست دەبێت.

خاڵێکی گرینگ لەبارەی ئەو کێشەوە ئەوەیە کە ئیمتیازی دابین کردنی زۆرینەی پێداویستییە سەرتاییەکان دراوە بە چەند کەسێکی تایبەت و ڕێگە بە کەسی دیکەش نادەن ئەو پێداویستییانە لە دەرەوەی وڵاتی ئێران هاوردە بکات. هەر ئەمەش خۆی گەندەڵیی لێدەکەوێتەوە و جومگە ئابوورییەکانی کۆمەڵگا ئیفلیج دەکات. هەر بەشێکی ئەم ئابوورە ڕووخاو و چەقبەستووە بەسەردەکەیتەوە کلکی مودیرعام و بەڕێوەبەرێکی پێشوو یان ئێستای حکوومەت دەکەوێتە ژێر پێت. ئەم کاربەدەستە حکوومییانە هەموو پۆکێجە ئابوورییەکانیان قۆرخ کردووە و هیچ وەزیر و بریکاری وەزیر و پارێزگار و مودیرعامێک ئامادە نییە واز لە پۆستەکەی بهێنێت مەگەر ئەوەی لە گەندەڵییێکی ئابووریدا بەشی بدرێت. ئەم گەندەڵی و بەتاڵان بردنەشە چەپ و ڕاست و بنەڕەتخواز و چاکسازی بۆ نییە. لەزەتی دارایی نامەشرووع داوێنی هەموانی گرتووە. هەڵبەت دیارە لەو نێوانەدا بەڕێوەبەرە باڵاکانی بەرەی چاکسازی دەستی باڵایان لە گەندەڵییەکاندا هەیە و بەڵگەکان گەواهی لە سەر ئەو ئیدعایە دەدەن. چالاکانی ئابووری خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە دەکەن و لەو قەناعەتەدان زۆرینەی ئەو شتانەی بە دراوی حکومی هاوردە دەکرێت لە نێوخۆی ئێراندا بە ئاسانی بەرهەم دێت بەڵام سەوداخوازان و دەڵاڵەکان کە زۆرینەشیان لە نێو خودی حکوومەتدان ڕێگرن لەوەی لە نێوخۆی وڵاتدا بەرهەم بهێنرێن. هەر بۆ نموونە دیسیپلینی بەرهەمهێنانی خۆراکی ئاژەڵ و پەلەوەر شتێکی ئاسایییە و هەرگیز هێندەی دیسیپلینی مووشەک و سەتەلایت دژوار نییە. ئەی بۆچی بەرهەم ناهێنرێت؟بۆچی کەسانێک هەن کە ڕێگرن لە بەرهەمهێنانی ئەو شتانەی لە نێوخۆوە توانای بەرهەمهێنانیان بەدی دەکرێت؟ بۆچی دەسەڵات بە تەشک و حەزی خۆی کەسانێک هەڵدەبژێرێت و ئیمتیازی هاوردەکردنی کۆمەڵێک کاڵا و پێداویستیی سەرەکی دەخاتە پاوانی ئەو کەسانە و گەندەڵی دروست دەکات؟ بۆچی ئەو پێداویستییانەی بە دراوی حکوومی هاوردە کراون بە نرخی چەند قاتی دراوی بازاڕ دەدرێت بە هاووڵاتییان؟ بۆچی بەرپرسانی حکوومی ئیرادەی باش نانوێنن بۆ پێوەندیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئەوەش لە کاتێکدا هیچ دراوسێیێکی ئێران بە تەواوی ملی بە گەمارۆکانی ئەمریکا دژی ئێران نەداوە؟ ئەگەر خاوەن دەسەڵاتەکان تۆزێک کەرامەتی هاووڵاتییان بپارێزن و بە هەمان چاوی ڕۆژی هەڵبژاردنەکان بڕواننە هاووڵاتییان و لەگەڵ خەڵکی ڕاست بن و دەنگ و ڕەنگیان یەک شت بێت بێ گومان زۆر کێشەی ئەم کۆمەڵگایە چارەسەر دەکرێت. با ئەوەش زیاد بکەین کە زیاتر لە 75 لە سەدی داهات و بە گشتی کەرتی ئابووریی ئێران لە بندەست دەوڵەتدایە. دەوڵەتیش ئێستا بە دەست بەرەی ڕیفۆرمخوازەوەیە هەر بۆیەش بێ گومان ناکرێت بڵێین لەو دۆخە چەقبەستووە ئابوورییەدا دەستیان نییە.

بەم دۆخە ئەسەفبارەی گەندەڵی و قەیرانی داراییشەوە مەعقوول نییە ئیدعا بکەین گەندەڵییەکان سیستماتیکن. نووسەری ئەم یادداشتەش دەڵێت گەندەڵییەکە سیستماتیک نیە بەڵام گەندەڵیی ژێرپێستی بە لێشاو هەیە کە ئەوەش لە گەندەڵیی سیستماتیک زۆر خراپترە. بەشێکی مودیرعام و بەڕێەوەبەرە حکوومییەکان لە بازرگانی و خۆ دەوڵەمەندکردنەوە گلاون و هیچ سڵ لە تاڵان کردنی خوانی هاووڵاتییانیش ناکەن. زۆرینەی هاووڵاتییان لەو قەناعەتەدان هۆکاری سەرەکیی ئەو گرانییەی ئێستا سیستەمی حکومڕانییە و لایەنی دەوڵەتیش بەردەوام ئەو بابەتە ڕەت دەکاتەوە هەوڵ دەدات ئەستۆپاکیی خۆی بسەلمێنێت.

جاری وا هەیە مرۆڤ تاسەی تۆسڤاڵێک عەدالەت و ویژدان دەکات!

News Code 53023

Your Comment

You are replying to: .
captcha