لافاوەکەی ئیلام زیانی بە 18 هەزار خانووی پارێزگای ئیلام گەیاندووە

بەشی ئیلام- بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرە لە پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند: بەگوێرەی ئەو بەراوردانەی کارناسانی ڕێکخراوەکە کردوویانە لافاوی ئەم دواییە لە ئیلام زیانی بە 18 هەزار و 400 خانووی هاووڵاتییانی ئیلام گەیاندووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەبیبوڵڵا موحیبی بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرە لە پارێزگای ئیلام ڕۆژی دووشەمە 8ی نیسان لە بارەی زیانی لافاوەکەی ئیلامەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند شاندێکی یەکەی نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی خانووبەرە کاری مەیدانی و ئەرکی بەراوردکردنی زیانەکانی لافاوی ئەم دوایییەیان کردووە و بە پێی بەراوردەکەی ئەو تیمە 18 هەزار و 400 خانووی هاووڵاتییانی ئیلام بە هۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە کە 16 هەزار و 400 خانوو لە شار و 2 هەزار خانووش لە گوندەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

نوحیبی ئاماژەی بەو شارانە کرد کە زیاترین زیانیان لێ کەوتووە و ڕایگەیاند: دەڕڕەشار و سیروان و چەرداوڵ ئەو سێ شارەن کە لە لافاوەکەدا زیانی زیاتریان بەرکەوتووە.

ناوبراو داوای لە هاووڵاتییان کرد سەردانی ئیدارەی قەزا و ناحییەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی داواکارییەکان بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە.

شیاوی ئاماژەیە ماوەی سێ حەفتەیە لە چەندین پارێزگای باکور و باشوور و ڕۆژئاوای ئێران بارینی بارانی بەخوڕ لافاوی وێرانکەری لێکەوتۆتەوە و هاووڵاتییان بەو هۆیەوە زیانی گیانی و مادیی زۆریان بەرکەوتووە.

News Code 52959

Your Comment

You are replying to: .
captcha