بەپێی هەواڵی کوردپرێس حەبیبوڵڵا موحیبی بەڕێوەبەری گشتیی خانووبەرە لە پارێزگای ئیلام ڕۆژی دووشەمە 8ی نیسان لە بارەی زیانی لافاوەکەی ئیلامەوە بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند شاندێکی یەکەی نیشتەجێبوونی ڕێکخراوی خانووبەرە کاری مەیدانی و ئەرکی بەراوردکردنی زیانەکانی لافاوی ئەم دوایییەیان کردووە و بە پێی بەراوردەکەی ئەو تیمە 18 هەزار و 400 خانووی هاووڵاتییانی ئیلام بە هۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە کە 16 هەزار و 400 خانوو لە شار و 2 هەزار خانووش لە گوندەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
نوحیبی ئاماژەی بەو شارانە کرد کە زیاترین زیانیان لێ کەوتووە و ڕایگەیاند: دەڕڕەشار و سیروان و چەرداوڵ ئەو سێ شارەن کە لە لافاوەکەدا زیانی زیاتریان بەرکەوتووە.
ناوبراو داوای لە هاووڵاتییان کرد سەردانی ئیدارەی قەزا و ناحییەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی داواکارییەکان بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەی زیانیان بەرکەوتووە.
شیاوی ئاماژەیە ماوەی سێ حەفتەیە لە چەندین پارێزگای باکور و باشوور و ڕۆژئاوای ئێران بارینی بارانی بەخوڕ لافاوی وێرانکەری لێکەوتۆتەوە و هاووڵاتییان بەو هۆیەوە زیانی گیانی و مادیی زۆریان بەرکەوتووە.
Your Comment