هاوپەیمانی سێ قۆڵی کاردەکات بۆ کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند، پارتی، ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەری "هاوپەیمانی سێ قۆڵی"، کار بۆ ئەوە دەکەن کە بە زوترین کات دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەن بۆ دەرکردنی بڕیاری دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماجید شەنگالی له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی كه‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خۆپاڵاوتنی به‌ ناده‌ستووری ناوبرد، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه: "وەک پارتی، ڕەوتی سەدر و هاوپەیمانی سەروەری (هاوپەیمانی سێ قۆڵی)، کار بۆ ئەوە دەکەین کە بە زووترین کات دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدەین، بۆ دەرکردنی بڕیاری دوبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە، هەروەک ئەوەی کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە داوە کە دەبێت لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە بدرێت".

سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە بۆچوونی ڕەوتی سەدر و سوننەکانیشە، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ وتی: "بەڵێ بە دروستی ئەوە بۆچوونی هاوپەیمانی سێ قۆڵی (پارتی و ڕەوتی سەدر و سوننەکانە) کە بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و ئەو بڕیارە بدرێت، تا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و دواتر حکوومەتیش بە زوویی پێکبهێنرێت، ئەمە هێزی هاوپەیمانی سێ قۆڵییە".

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی: "بۆ دەرکردنی بڕیاری دووبارە خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانی عێراقەوە پێویستی بە ئامادەبونی 166 پەرلەمانتار هەیە، وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار نیـیە کە پێویستی بە ئامادەبونی 220 پەرلەمانتار هەیە، بڕیارەکەش بە (رێژەی زۆرینەی سادە) پەسەنددەکرێت، ئەندامانی هاوپەیمانی سێ قۆڵیش لەو رێژە یاساییە زیاترن لە 175 پەرلەمانتار".

ناوبرا. جەختی کردەوە پێویستە هەرچی زووە هاوپەیمانی سێ قۆڵی ئەو کۆبونەوەیەی پەرلەمان ڕێکبخەن تا هێزی خۆیان دەربخەن، چونکە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ بڕیاردان لەسەر دووبارەکردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پێویستی بە ڕەزامەندی لایەنەکانی تر نیـیە هاوپەیمانی سێ قۆڵی خۆی دەتوانێت ئەوە بکات، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەو بارەوە ڕوونە کە کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستورییە بەڵام پێویستە لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارە بدرێت نەک لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق. "

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی پێشبینی ئەوەشی کرد لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو دانیشتنە تایبەتیە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئەنجامبدات و جەختیشکردەوە، كه‌ "کاندید پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق هەمان کاندیدی ئێستا (ڕێبەر ئەحمەد خالید) دەبێت".

News Code 5291

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha