به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه دووقۆڵییه‌كانیان و شاندی هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا و ڕووسیا له ئه‌نتاڵیا، مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و سێرگه‌ی لاڤرۆف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا كۆنگرهیێكی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.
له کۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا مه‌ولوود چاووشئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ئاماژه‌ی به سیسته‌می به‌رگریی مووشه‌کیی S-400ی ڕووسی و ئه‌و گوشارانه‌ی ئه‌مریکا کرد که به بۆنه‌ی کڕینی ئه‌و سیسته‌مه و ڕاده‌ست نه‌کردنی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری F-35 ده‌یکاته سه‌ر تورکیا و ڕایگه‌یاند: ئێمه ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌مان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ئه‌نجام و ته‌واو کردووه. ئێستاش پێبه‌ندی ئه‌و ڕێککهوتننامهین. به هیچ له‌ونێک فرۆشتنی ئه‌و سیسته‌مه به وڵاتێکی سێهه‌م له‌ئارادا نییه. ئێمه ئه‌م سیسته‌مه‌مان به بۆنه‌ی پێداویستییه‌کانی خۆمانه‌وه کڕیوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که له کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوتا ڕووسییه‌که‌ی له ئه‌نتالیا قسه‌ی ده‌کرد له درێژه‌دا گوتیشی: تورکیا پێویستی به سیسته‌مێکی به‌رگریی مووشه‌کی بوو و له‌وباره‌وه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیکه‌شدا دانووستانمان کرد. هه‌ندێک له وڵاتان نه‌یانویست یان نه‌یانتوانی ئه‌و سیسته‌مه ڕاده‌ستی ئێمه بکه‌ن و له ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ ڕووسیا گه‌یشتینه ڕێککه‌وتن و ئێستاکه‌ش له‌سه‌ر کاتی ڕاده‌ستکردنی ئه‌و سیسته‌مه گفتوگۆ ده‌که‌ین.
ناوبراو له‌باره‌ی فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ری F-35وه گوتی: تورکیا شه‌ریکێکی پڕۆژه‌ی F-35ه و له‌وباره‌وه تێکڕای به‌رپرسیارێتییه‌کانی ئه‌نجام داوه. لێره پرسێکی یاسایی هه‌یه. لێدوانێکی دژبه‌یه‌ک له به‌رپرسانی ئه‌مریکاوه ده‌بیسین. فایلی ده‌نگیی لێدوانه‌کانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رکۆماری ئه‌مریکا له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری تورکیا له به‌رده‌ستدایه. ڕاستییێک هه‌یه؛ تورکیا ڕێککه‌وتننامه‌یێکی له‌گه‌ڵ ڕووسیا واژۆ کردووه و پێبه‌ندی ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌یه. ئه‌مه ڕێککه‌وتننامه‌یێکی ڕاسته‌قینه‌یه.
له کۆنفڕانسه ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا سێرگه‌ی لاڤرۆڤ سوپاسی چاووشئۆغڵۆی كرد بۆ میوانداری كردنیان و ئاماژه‌ی به‌وه دا كه كۆبوونه‌وه‌كانیان به مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بوون بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ڤیلادیمیر پووتن سه‌رۆكی ڕووسیا و ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیا كه 8ی نیسان له مۆسكۆ ئه‌نجام ده‌درێت.
لاڤرۆڤ تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی له كۆبوونه‌وه‌كاندا جگه له بواری كولتووری و بازرگانی هه‌روه‌ها تاوتوێی هه‌ماهه‌نگی هه‌ر دوو وڵاتیان له بواری سه‌ربازی و به‌رگری و پێشهاته‌كانی سووریایان كردووه.
لاڤرۆڤ سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا بڕیاری ئه‌مریكا سه‌باره‌ت به به‌رزاییه‌كانی جۆلان په‌یوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئیسرائیله‌وه هه‌یه به‌ڵام ڕووداوه‌كه ڕه‌هه‌ندێكی دیكه‌ی هه‌یه ئه‌ویش به شێوه‌یێكی به‌ئاگایانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه "من هه‌موو شتێک ده‌كه‌م" و گوتی: "ئه‌م بڕیاره دژ به یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه و هه‌موو جۆره یاساێکی نێوده‌وڵه‌تی پێشێل کراوه".
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی حوڕییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment