موراد قه‌ره‌یلان: به‌شداری‌نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا به‌ مانای ده‌نگدان به‌ AKPیه‌

به‌شی تورکیا- ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی PKK و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل (HPG) له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی 2019ی تورکیا کرد و گوتی: به‌شداری‌نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنه خۆجێیییه‌‌کانی تورکیا به‌ مانای ده‌نگدان به‌ AKPیه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، موراد قه‌ره‌یلان ئه‌ندامی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی PKK و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی پاراستنی گه‌ل (HPG) له‌ لێدوانێکدا باسی له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی 31ی ئاداری 2019ی تورکیا کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌ردۆغان به ‌ته‌ئکیده‌وه‌ ده‌ڵێت که‌ شنگال و قه‌ندیل له‌ناو ده‌بات. هه‌ر ده‌نگێک که‌ به‌ پارتی داد و گه‌شه‌ (AKP)- پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی تورکیا (MHP) ده‌درێت وه‌ک گوله‌یێکه‌ که‌ به‌ره‌و لای ئێمه‌ ده‌هاویژرێت. له‌و شوێنانه‌ی که‌ هیچ کاندیدێک نه‌ناسێندراوه‌ گه‌لی ئێمه‌ به‌ باشی ده‌زانن که‌ به‌ چ که‌سێک ده‌نگ بده‌ن.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌ که‌ چۆن ئێمه‌ کاندیدمان نییه‌ نابێت له‌ هه‌ڵبژاردن به‌شداری بکه‌ین. نه‌چوونه‌ سه‌ر سندوقی ده‌نگدان و به‌شداری‌نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ مانای ده‌نگدان به‌ AKPیه‌. هه‌ڵبژاردن یان هه‌ڵنه‌بژاردنی که‌سه‌کان گرنگ نییه‌ به‌ڵکوو گرنگ دروست‌کردنی له‌مپه‌ر و ئاڵنگاری له‌ به‌رده‌م په‌ره‌پێدانی فاشیزمه‌. ده‌بێ له‌ به‌رانبه‌ر فاشیزم و ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سیاسیی تورکیا بوه‌ستینه‌وه‌ و شکستی بده‌ین.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی هاوارنیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52826

Your Comment

You are replying to: .
captcha