به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هێزی سووریای دیموکرات پێکهاتوو له کورد، عه‌ره‌ب و مه‌سیحییه‌کانی باکوور و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا دوامۆڵگه‌ی ژێر ده‌ستی چه‌کدارانی داعشیان له سووریا کۆنتڕۆڵ کرده‌وه. له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ئه‌مریکا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کیی کوردی سووریا وێڕای مەشقکردنی سەربازی بە هێزه کوردییه‌کان، چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازیشی ڕاده‌ستیان کردووه. له ئێستادا هاوکات له‌گه‌ڵ نزیکبوونه‌وه‌ی ڕووخانی خیلافه‌تی داعش له سووریا، کورد نیگه‌رانه له‌وه‌ی که ئه‌مریکا به‌ڵێنه‌که‌ی بۆ کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له سووریا جێبه‌جێ بکات و کوردی سووریا له به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی شانه‌ی نوستووی داعش و هه‌روه‌ها هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشی گریمانه‌کراوی تورکیا به‌جێبهێڵێت.
مه‌زڵووم عه‌بده (کۆبانێ) فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی کوردی سووریا له یادداشتێکی کورت‌دا که له ماڵپه‌ڕی ئاسایشی به‌رگریی ئه‌مریکادا بڵاو کراوه‌ته‌وه داوای پشتیوانیی به‌رده‌وامیی ئه‌مریکا له کوردی سووریای کردوووه.
کۆبانێ له یادداشته‌که‌یدا، پشتیوانییه‌کانی ئه‌مریکا له‌وان کاره‌کانی جۆزێف ڤۆتێل سه‌رۆکی فه‌رمانده‌ییی ناوه‌ندیی ئه‌مریکا و برێت مه‌کگۆرک نوێنه‌ری پێشووی ئه‌مریکا له هاوپه‌یمانێتیی دژهداعشی بۆ هاوکاری له‌گه‌ڵ کوردی سووریا به مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی داعش له سووریا به کارتێکه‌ر وه‌سف ده‌کات.
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی سووریای دیموکرات، بڕیاری دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا بۆ هێشتنه‌وه‌ی ژماره‌یێک له هێزه‌کانی ئه‌و وڵاته له سووریا له‌پێناو پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هێرشی جاروباری پاشماوه‌کانی داعش و جێگیربوونی سه‌قامگیری له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا به گرینگ وه‌سف ده‌کات و ڕایده‌گه‌یێنێت: به‌رده‌وامیی هه‌بوونی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له ناوچه‌که و هه‌روه‌ها ستراتێژیی ئه‌و وڵاته له سووریا یارمه‌تیده‌ری هێزه‌ی کوردی سووریا ده‌بێت بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و ڕێگری له پێشڕه‌وتی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه.
ناوبراو له‌باره‌ی کێشه‌کانی به‌رده‌م کوردی سووریا پاش کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا گوتیشی: هه‌ڕه‌شه‌ی شانه‌ی نوستووی داعش، خۆڕێکخستنه‌وه‌ی دووباره‌ی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه، بۆشاییی هێز به بۆنه‌ی ئه‌گه‌ری کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له سووریا و هه‌لقۆستنه‌وه‌ی زلهێزه هه‌رێمی و ده‌ولییه‌کان گرینگ‌ترین کێشه‌کانی به‌رده‌م کوردی سووریایه.
کۆبانێ ڕاشیگه‌یاند: هاوکاریی به‌رده‌وامیی نێوان کورد و هاوپه‌یمانێتی به سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مریکا یارمه‌تیده‌ری چاره‌کردنی قه‌یرانی سووریا ده‌بێت.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment