به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، 21 کوردی ئێزدی ڕزگاربووی ده‌ستی داعش که له ساڵی 2014 له‌لایه‌ن داعشه‌وه ڕفێندرابوون و وه‌ک کۆیله بۆ سووریا گواسترابوونه‌وه، له شاری باغۆزی ئه‌و وڵاته ڕزگار کران.
ئه‌و که‌سانه پاش ئازادکرانیان له‌لایه‌ن هێزی سووریای دیموکراته‌وه سه‌ره‌تا بۆ سنووری هه‌رێمی کوردستان و ناوچه کوردنشینه‌کانی سووریا گواستراونه‌ته‌وه و چوونه‌ته هه‌رێمی کوردستان و دواتر له سه‌ر ڕێگای سحێلاوه به که‌سوکاریان شاد بوونه‌ته‌وه.
هه‌رچه‌نده گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 21 ڕزگاربووه بوووه‌ته جێگای دڵخۆشیی كه‌سوكاره‌كانیان به‌ڵام تا ئێستاش برینی خانه‌واده‌كانیان به ته‌واوه‌تی ساڕ‌ێژ نه‌بوووه چوونكه وه‌ک خۆیان به قورگی پڕ گریانه‌وه باسی ده‌كه‌ن هێشتا زۆرێک له كه‌سه نزیكه‌كانیان ماون كه هیچ سۆراخێكیان نازانن.
له كاتێكدا له دوو ڕۆژی ڕابردوودا داعش دوامۆڵگه‌ی خۆی له ڕووی جوگرافییه‌وه له باغۆزی سه‌ر به پارێزگای دێره‌زووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له ده‌ست دا و هیچ شوێنێكیان به ده‌سته‌وه نه‌ماوه به‌ڵام تا ئێستا سه‌دان ڕفێندراوی ئێزدی كه له لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه ڕفێندرابوون چاره‌نووسیان به نادیاری ماوه‌ته‌وه و كه‌سوكاره‌كانیان داوا ده‌كه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سه نزیكه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment